رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی سەبارەت بە ئەگەری خراپبەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ئاسمانی ئەو وڵاتانە هۆشداری دا. عەباس عێراقچی هەروەها رەتیکردەوە، ئێران بە بەڵگەی ساختەی عێراقی نەوتی فرۆشتبێ.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، عباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران-بەغدا و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان بە تایبەتی دەستپێکردنەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەنیان تاوتوێکرد.
وەزیری دەرەوەی ئیران سەبارەت بەو "مەترسییە جیدییانەی" لە ئەنجامی "خراپ بەکارهێنانی بنکەکانی ئەمریکا" لە وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها ئاسمانی ئەو وڵاتانە بۆ "کردەی شەڕەنگێزانە" دژی گەلانی ناوچەکە هۆشداری دا و گوتی: "پێویستە هەموو وڵاتانی ناوچەکە رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتیمانیی خۆیان و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاک و تواناکانیان لە لایەن هێزە سەربازییە بیانییەکانەوە بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دیکە بگرنەبەر."
عەباس عێراقچی ئاماژەی بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر پیشەسازیی نەوتی ئێران کرد و بە نایاسایی ناوی بردن.
عێراقچی رەتی کردەوە، ئێران بە بەڵگەی ساختەی عێراقی نەوتی فرۆشتبێ و رایگەیاند، ئەمریکا لە پشت ئەو تۆمەتبارکردنەی تارانە و مەبەستەکەی گوشارخستنەسەر تارانە.
عێراقچی گوتی: "ئەو تۆمەتانەی کە بەرپرسانی ئەمریکا بۆ گوشارخستنە سەر ئێران دەیانخەنە ڕوو، هیچ بنەمایەکیان نییە و چاوەڕوان دەکرێ وڵاتانی دراوسێ و دۆست وریا بن لە ئاژاوە و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ لێکترازانی وڵاتانی ناوچەکە، کە جگە لە تێکدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بەگوێرەی ئامانجە پیسەکانی رژێمی زایۆنی، هیچ نیازێکی دیکەی نییە."
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، یەکشەممەی ئەم هەفتەیە بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، دوابەدوای زیادبوونی سزا و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی، لە لایەنی ئەمریکییەوە ئاگادار کرانەوە کە تانکەرەکانی ئێران بە "بەڵگەنامەی ساختەی عێراقی" نەوتی خاوی ئێران دەگوازنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ