prev
next
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 142 هەزار کەس لەو کەرتەدا ئاوارە بوون. ئەو بەرپرسە هۆشداریش لە کەمبوونەوەی هاوکارییە مرۆییەکان دەدات.
رۆژی چوارشەممە 26ی ئاداری 2025، ستیفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "تەنیا لە هەفتەیەکدا 142 هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوون". دەشڵێت، لەنێوان تشرینی یەکەمی 2023 و کانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 90٪ـی دانیشتووانی کەرتەکە جارێک ئاوارە بوون.
ئەو بەرپرسە گوتیشی، وردە وردە رووبەری پێویست بۆ نیشتەجێبوونی خێزانەکان لە کەرتی غەززە کەمدەبێتەوە و ئێستا نزیکەی 17٪ـی دانیشتووانی کەرتی غەززە لەو ناوچانەن کە ئیسرائیل داوای چۆڵکردنیان دەکات.
رۆژی 18ـی ئەم مانگە ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کردەوە. ئەمە دوای ئەوەی لەگەڵ حەماس نەگەیشتنە رێککەوتن سەبارەت بە قۆناخی دووەمی ئاگربەست. بە گوێرەی بەرپرسانی کەرتی غەززە، لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە 50 هەزار و 183 فەلەستینی بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تاوەکو ئاوارەبوونی خەڵک زیاتر بێت، ئەوا بەردەستبوونی شوێن مانەوە، خواردن، ئاو و خزمەتگوزاریش قورستر دەبێت.
لە 2.2 ملیۆن هاووڵاتیی غەززە، 1.8 ملیۆنیان لە برسیێتیی تووند دان. رۆژانە تەنیا یەک ژەمە خۆراکیان دەست دەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ