حیزبوڵڵا کوژرانی ئیبراهیم عەقیلی پشتڕاستکردەوە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنانی کوژرانی دووەم باڵاترین فەرماندەی سەربازیی بزووتنەوەکەی پشتڕاستکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر باشووری بەیرووت.
 
رۆژی شەممە 21-09-2024 بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی بڵاویکردەوە، "ئیبراهیم عەقیل، یەکێک لە سەرکردە مەزنەکان لە رێگەی قودس شەهید بوو". بزووتنەوەکەی لوبنان دەستەواژەی "لە رێگەی قودس شەهید بوو" بۆ کوژرانی سەرکردە و فەرماندە باڵاکانی بەکاردەهێنێت.
 
حیزبوڵڵا هەروەها کوژرانی فەرماندەیەکی دیکەی بە ناوی ئەحمەد مەحموود وەهبی و 12 ئەندامی دیکەی راگەیاند.
 
کوژرانی ئەو فەرماندە و ئەندامانەی حیزبوڵڵا دوای ئەوە هات، ئیسرائیل دوێنێ هەینی 20-09-2024 هێرشێکی کردە سەر باشووری بەیرووت لە لوبنان. دانیێڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی ئامانجداریان کردە سەر ناوچەیەکی بەیرووت و ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی هێزی رەزوانیان لەنێوبرد."
 
ئیبراهیم عەقیل دووەم باڵاترین فەرماندەی باڵی سەربازیی حیزبوڵڵا بوو لەدوای فوئاد شوکر کە ئەویش لە کۆتایی تەممووزی ئەم ساڵ بە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت کوژرا.
 
هەگاری باسی لەوە کرد، "ئیبراهیم عەقیل بەرپرس بوو لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و خەڵکەکەی."
 
دوای بۆردوومانەکەی بەیرووت، حیزبوڵڵا رایگەیاند، رۆژی هەینی بە کاتیۆشا هێرشی کردووەتە سەر بارەگەی هەواڵگریی ناوچەی باکووری ئیسرائیل کە لەنێو بنکەی سەربازیی میشاردایە.
 
حیزبوڵڵا هەروەها گوتی، "بارەگەی هێزی چاودێریی ئاسمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانمان لە بنکەی مەیرۆنمان بۆردوومان کرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە