جیهان
رۆبەرت ود، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی پێشنیازی ئاگربەست رەتبکاتەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستی غەززەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتکردەوە و دەنگی پێنەدا. پڕۆژەیاساکە لەلایەن 10 ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنەکەوە ئامادەکرابوو.
رۆژی چوارشەممە، 20-11-2024، رۆبەرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "لە گفتوگۆکاندا هەڵوێستمان روونبووە، ئێمە ناتوانین پشتگیری لە ئاگربەستێکی بێ مەرج بکەین کە نەتوانێت بارمتەکان ئازاد بکات."
ئەم لێدوانەی رۆبەرت ود دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ 10 ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنەکە پڕۆژە بڕیارێکیان بۆ ئاگربەستی غەززە ئامادەکردبوو. لە پڕۆژەبڕیارەکە داواکرابوو "ئاگربەستی بێمەرج، دەستبەجێ و هەمیشەیی" هەروەها "ئازادکردنی بارمتەکان" رابگەیێنرێت.
لەنێو 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنەکە، تەنیا ئەمریکا دەنگی بە پڕۆژەکە نەدا. بەهۆی ئەوەی ئەمریکا ئەندامێکی هەمیشەییە، پڕۆژەبڕیارەکە ڤیتۆی کرد بەوهۆیەوە پەسەند نەکرا.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووە: "ئەمریکا تەنیا ئاگربەستێک قبووڵ دەکات کە بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا، داوای ئازادکردنی بارمتەکان بکات. پێویستە ئاگربەست بەشێک بێت لە مەرجی ئازادکردنی بارمتەکان، نەک بە پێچەوانەوە."
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، ئەمە پێنجەم جارە ئەمریکا ڤیتۆ لەسەر پڕۆژەبڕیاری ئاگربەست دەدات.
رۆبەرت وود هەروەها گوتی: "ئەم پڕۆژە بڕیارە پەیامێکی مەترسیدار بۆ حەماس دەنێرێت و پێیان دەڵێت، پێویست ناکات بێنە سەر مێزی گفتوگۆ. بۆ ئێمە، پێویستە پەیوەندییەک لە نێوان ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان هەبێت."
ئیسرائیل لە شێوازی داڕشتنی رستەکانی نێو ئاگربەستەکە تووڕەبوو. دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەنجوومەنەکە گوتی: "ئەم پڕۆژە بڕیارەی پێشکێشکراوە، هیچی لە ناپاکی کەمتر نییە. ناکرێت نەتەوە یەکگرتووەکان دەستمان ببەستێتەوە لە پاراستنی خەڵکی خۆمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ