سێنتکۆم: هێرشمان کردە سەر چوار ئامانجی حووسییەکان و تێکمان شکاندن

20-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئەمریکا وێستگەیەکی کۆنتڕۆڵکردن، وێستگەیەکی فەرماندەیی و دوو درۆنی دەریایی حووسییەکانی لە دەریای سوور و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانی یەمەن تێکشکاند.
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-06-2024 فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە: "هێزەکانی ئەمریکا سەرکەوتووانە، وێستگەیەکی کۆنتڕۆڵکردن و وێستگەیەکی فەرماندەییان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان تێکشکاند."
 
سێنتکۆم هەروەها ئاماژە بەوە دەدات لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا دوو درۆنی دەریایی حووسییەکانیان لە دەریای سوور تێکشکاندووە.
 
سێنتکۆم دەڵێت، "ئەو سیستمانە هەڕەشەیەکی مسۆگەریان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ئەو ناوچەیە دروستکردبوو. ئەو هەنگاوانە بۆ پاراستنی ئازادیی هاتووچۆی ئاوە نێودەوڵەتییەکان نران."
 
رۆژی سێشەممە 18-06-2024 هێزەکانی ئەمریکا تێکشکاندنی هەشت درۆنی تایبەت بە حووسییەکانیان راگەیاند.
 
هەفتەی رابردوو لە 12ـی حوزەیران حووسییەکان بە درۆن هێرشیان کردە سەر کەشتییەک بە ناوی (Tutor). لە هێرشەکەدا بۆ سەر کەشتییە یۆنانییەکە، دەریاوانێکی فلیپینی کوژرا.
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رایگەیاند: "دەریاوانەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکییەکانی غەززەوە نەبووە."
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی: "ئۆپەراسیۆنێکمان بۆ کردنە ئامانجی کەشتییەک لە دەریای سوور کردووە. کەشتییەکەمان بە درۆن و مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج."
 
کۆمپانیای Ambrey کە کۆمپانیایەکی هەواڵگریی تایبەت بە ئاسایشی دەریاییە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "کەشتییەکە 126 کیلۆمەتر لە بەندەری (حەدیدە)ی یەمەن دوور بووە کاتێک کراوەتە ئامانج."
 
"یەکێکی دیکە لە کارمەندانی نێو کەشتییەکە کە هاووڵاتییەکی سریلانکی بووە، بە سەختی بریندار بووە." ئەمە بە گوتەی جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا
 
حووسییەکان کە بە هێزێکی پاڵپشتیکراوی ئێران دادەنرێن و بەشێکن لە "مقاوەمەی ئیسلامی،" لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە وەکو هاوسۆزییەک بۆ هاووڵاتییانی فەلەستین هێرشەکانیان بۆ سەر رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور دەستپێکرد.
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە نێوەڕاستی نۆڤەمبەری رابردووەوە حووسییەکان نزیکەی 190 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێپەڕیون.
 
هێرشی حووسییەکان کەشتییە بازرگانییەکانی ناچار کردووە خۆیان لە دەریای سوور بەدووربگرن، کە رێڕەوێکی گرنگە و 12%ی کۆی بازرگانیی جیهانی پێدا دەڕوات.
 
ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرش و زیانەکانی حووسییەکان، بە هاوبەشیی چەند وڵاتێک هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی دەریای سوور راگەیاندووە، لەوانەش بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، یۆنان و ئیسپانیا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە