رووداو دیجیتاڵ
گۆڕی دایکی سەرکردەی ئیسلامیی بە رەچەڵەک کورد، سەلاحەدینی ئەیوبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆ پڕۆژەیەکی رێگەوبان تێکدەدرێت.
ئیبراهیم ئەزهەری، کە هاونیشتمانییەکی کوردە و هەشت ساڵە لە وڵاتی میسر دەژی، رۆژی یەکشەممە 18-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە گۆڕی دایکی سەرکردەی ئیسلامیی بە رەچەڵەک کورد، سەلاحەدینی ئەیوبی بۆ پرۆژەیەکی رێگەوبان تێکبدرێت کە لەنێو خانەقایەکدایە و مێژووەکەی بۆ 800 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ئیبراهیم ئەزهەری ئاماژەی بەوەش کرد، "لەبەر ئەوەی ئەو خانەقایە وەکو شوێنەوار تۆمار نەکراوە، کۆمپانیایەکی ئیماراتی بە بیانووی ئەوەی بەر جادە دەکەێت، تێکی دەدات."
ئەو هاونیشتمانییە کوردە کە خوێندکارێکی کوردی دانیشتووی میسرە گوتیشی، "چەندین شوێنەواری مێژوویی لە وڵاتی میسر هەن کە بە شوێنەوار تۆمار نەکراون و رووخێندراون، ئەم خانەقایە بەشێکە لە مێژووی ماڵباتێکی گەورە و دیاری کورد، بۆیە نامانەوێت بڕووخێندرێت."
ئەو خانەقایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش هێرشەکانی مەغۆل، عوسمانییەکان و مەمالیک، جگە لە گۆڕی (مەلیکە خاتوون)ی دایکی سەلاحەدین، چەندین گۆڕی دیکەی تێدایە.
ئیبراهیم ئەزهەری داوا لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەکات گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی میسر بکەن و رێگری لە رووخاندنی ئەو شوێنەوارە بکرێت.
ئەبو مزەفەر یوسف نەجمەدین ئەیوب شادی، ناسراو بە سەلاحەدینی ئەیوبی، لە ساڵی 1138 لەدایکبووە، یەکێکە لە سەرکردە مێژووییەکانی ئیسلام و لەدوای راشدینەکان، یەکەم سەرکردە بووە کە توانیویەتی (قودس - ئۆرشەلیم) رزگار بکات. سەلاحەدینی ئەیوبی، لە دایک و باوکێکی کورد بووە و لە ساڵی 1193 بە نەخۆشی کۆچی دواییکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ