ئێران و سعودیە لەسەر دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان هاوڕانین

18-04-2023
نیشانەکردن جەژنی رەمەزان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
هێمن بابان رەحیم و ناسر پیرۆزتی 

 

سعودیە و ئێران لەدوای رێککەوتنیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە دوو مانگی رابردووەوە، لە هەموو روویەکەوە لەیەکدی نزیکبوونەتەوە، بەڵام دیاریکردنی رۆژی یەکەمی جەژنی رەمەزان، وەک هەمیشە لەیەکدیان جیادەکاتەوە. سعودیە ئاماژە بەوە دەدات هەینی جەژنە و ئێرانیش دەڵێ، ئەگەری زۆرە شەممە بێت.
 
ماجد ئەبو زاهرە، سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسیی جەدەی سعودیە، لەبارەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە رایگەیاند "بەپێی لێکدانەوەی ژمارە فەلەکییەکان، رۆژی 29ـی رەمەزان کە دەکاتە 20ـی نیسانی 2023، مانگ کاژێر 7:12 بەکاتی مەککە دەگاتە دۆخی بەیەکگەیشتن بە مانگی شەوال و رۆژی هەینی 21ـی مانگ بینینی مانگ بە چاو زۆر روون دەبێت، چونکە ئاسمان ساماڵە"، بەو لێکدانەوەیەش بێت، رۆژی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵی کۆچیی 1444ـە.
 
لەلایەکی دیکەوە، عەلیرەزا موەحیدنەژاد، سەرۆکی لیژنەی بینینی مانگی ئێران بە میدیای فەرمی ئەو وڵاتەی راگەیاند، بەپێی پێشبینیی شارەزایان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە مانگ نابیندرێت، بۆیە هەینی رۆژی سییەمی مانگی رەمەزانە و ئەگەری زۆرە رۆژی شەممە، 22-04-2023 ببێتە جەژنی رەمەزان.
 
لیژنەی بینینی مانگی ئێران کە سەر بە نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بڕیار لەسەر دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی مانگی رەمەزان دەدات لەو وڵاتە.
 
لە ساڵانی رابردوودا، رۆژی دەستپێکردن و جەژنی رەمەزان جیاواز بوو لە وڵاتانی دیکە، بەڵام ئەمساڵ لەو وڵاتەش رۆژی 23-03-2023ـی وەک یەکەم رۆژی رەمەزان دیاری کرا کە هاوکات بوو لەگەڵ وڵاتانی دیکە. لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان جەژنی رەمەزان یەک رۆژە.
 
موسڵمانان بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان پشت بە بینینی مانگ دەبەستن و لە 29ـیەمین رۆژی رەمەزان چاودێری بینینی مانگ دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە