هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تاوتوێی هاوکاریکردنی عێراق و رۆژئاوای کوردستان دەکات

17-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەمریکا و فینلاند لە هێلسینکی پایتەختی وڵاتەکە کۆبوونەتەوە و باسیان لە هاوکاریکردنی عێراق و رۆژئاوای کوردستان کردووە. 
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2022، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کۆبوونەوەکە رۆژی 14ـی ئەم مانگە بەڕێوەچووە و "بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێی کەمپینی بەزاندنی داعشیان لە عێراق و سووریا کرد و باسیان لە کاری لەپێشینەی نزیکمەودا کرد بۆ زیادکردنی هاوکاریی مرۆیی و سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و عێراق لە دەستی داعش ئازادکراون". 
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوولا باسیان لە پێویستیی گەڕاندنەوەی ئەندامانی داعش بۆ وڵاتەکانیان و دۆخی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان کردووە. 
 
جگە لەوەش، وەکو پێنتاگۆن دەڵێت، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنی بۆ چۆنیەتیی هاوئاهەنگی لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی داعشی خۆراسان کردووە کە لە ئەفغانستان هەیە. هاوکات باسیان لە "هەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە نێوەڕاست و باشووری ئاسیا و سەرتاسەری جیهان" کردووە. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش دامەزرا. هاوپەیمانێتییەکە لە 85 وڵاتی سەرانسەری جیهان پێکدێت و لە رووی سەربازی، دارایی و مرۆییەوە هاوکاری پێشکێشی ئەو ناوچانە دەکەن کە بەر هەڕەشەی داعش کەوتوون. هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەش بەشێکن لەو هاوپەیمانێتییە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە