وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی پێشوازییان لە گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کرد

17-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە سعودیە کۆبوونەوە و پێشوازییان لە گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی کرد و داوایانکرد شەڕ لە سوودان بووەستێنرێت. 

کۆبوونەوەکە پێش لووتکەی کۆمکارە 22 ئەندامییەکە هات، کە بڕیارە رۆژی هەینی لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەبچێت و دوای 12 ساڵ، بۆ یەکەمجار سەرۆککۆماری سووریا تێیدا بەشدار دەبێتەوە. ئەندامێتیی سووریا دوای سەرکوتکردنی ناڕەزاییەکان لەلایەن بەشار ئەسەدەوە لە ساڵی 2011 هەڵپەسێردرا. 
 
وڵاتەکە دوای ئەو خۆپێشاندانانەی دژی ئەسەد، بەخێرایی کەوتە نێو شەڕێکی نێوخۆییەوە، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن کەس و دەربەدەربوونی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە، کە پێش جەنگ 23 ملیۆن کەس بوون. 
 
رۆژی چوارشەممە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە گوتی، ناوچەکە لە دووڕیاندایە و بەرەوڕووی ژمارەیەک ئاستەنگ دەبێتەوە. هەروەها داواشیکرد وڵاتانی عەرەبی لە نێوخۆیاندا هاوئاهەنگییان هەبێت بۆ ئەوەی ئاساییش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی ئابووری بۆ ناوچەکە بەدیبێنن. 
 
بن فەرحان و ئەحمەد ئەبولغەیت، سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، پێشوازییان لە گەڕانەوەی سووریا کرد بۆ کۆمکارەکە. 
 
ئەم هەفتەیە، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا ژمارەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵیی لەگەڵ هاوتا عەرەبییەکانی لە سعودیە کرد، ئەوەش وەکو هەوڵێکی دیمەشق بۆ راکێشانی وەبەرهێنان بۆ نێو وڵاتە کاوڵبووەکە، لە کاتێکدا کە وڵاتەکە کەوتووەتە ژێر سزای قورسی وڵاتە بیانییەکان. 
 
دوای کۆبوونەوەکانی، میقداد بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هیواخوازە حکومەتە عەرەبییەکان لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا یارمەتیدەر بن. 
 
گەڕانەوەی سووریا بۆ باوەشی عەرەبی هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی دیمەشق بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، کە پاڵپشتیکارێکی سەرەکیی گرووپە چەکارەکانی دژی ئەسەدە، بەڵام ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لە گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکارەکە بەگومان بوون، بە دیاریکراویش قەتەر. 
 
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر رۆژی چوارشەممە، گوتی، وڵاتەکەی دژی گەڕانەوەی سووریایە، بەڵام نایەوێت "لە دژی کۆدەنگیی عەرەبی" بوەستێتەوە. 
 
شێخ محەممەد گوتیشی، قەتەر پێیوایە، بۆ ئەوەی سووریا بگەڕێتەوە نێو کۆمکارەکە، پێویستە بە "چارەسەرێکی گشتگیر" بۆ ململانێکەیدا بڕوات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامێری بێتەلی وۆکی تۆکی و پەیجەر. وێنە: AFP

تەندروستیی لوبنان: بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی بێتەلەوە 37 کەس گیانیان لەدەستداوە

وەزیری تەندروستیی لوبنان دوایین ئاماری تەقینەوەکانی 17 و 18ـی ئەم مانگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی بێتەلی لە وڵاتەکەی ئاشکراکرد کە تاوەکو کاژێر نزیکەی 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 37 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2,931 کەسیش برینداربوون، دەشڵێت تەندروستیی برینداربووانی تەقینەوەکەی چوارشەممە قورستر بوو.