کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا 2022 لە ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت و رووداویش بەشدارە

15-11-2022
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان کۆنگرەیەکی جیهانی تایبەت بە میدیا بەڕێوەدەچێت، ئیمارات لەو بوارەدا دەستپێشخەری کردووە و رۆژی سێشەممە 15-11-2022 یەکەمین خولی " کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا 2022" لە شاری ئەبوزەبیی ئیمارات بەڕێوەچوو.
 
کۆنگرەکە لە رۆژانی 15 تاوەکو 17ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و تۆڕی میدیایی رووداویش بەشدارە، رۆژانە لە کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 05:00ـی ئێوارە بەکاتی ئەبوزەبی، (08:00 تاوەکو 04:00ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر) بەڕێوەدەچێت.
 
لە " کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا 2022" رۆژانە لەنێوان 100 تاوەکو 170 کەسایەتی ناودار و شارەزای بواری میدیا بەشداری لە پانێڵ و گفتوگۆی تایبەت بە کاری میدیایی دەکەن؛ هەروەها پێشبینی دەکرێت سەرووی 10 هەزار کەس سەردانی کۆنگرەکە بکەن.
 
ئامانجی کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا 2022 چییە؟
 
کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا روانگەیەکی نوێیە بۆ پیشەسازی میدیایی و دەرفەتێك دەداتە دامەزراوە میدیاییەکان بۆ گەیشتن بە  کاری هاوبەش و پەرەدان بە میکانیزمی چالاکترکردنی ئامرازە میدیاییەکان و گرتنەبەری رێگەی نوێ بۆ گەیشتن بە میدیایەکی شارستانی و مرۆیی کە ئامانج لێیان خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و گەرەنتیکردنی خۆشبەختییە، هەروەها کارکردن لەسەر باشترکردنی کوالێتی و راستگۆیی هەواڵەکان بەمەبەستی گەیشتن بە میدیایەکی پتەو و باوەڕپێکراو.
 
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا 2022 چین؟
 
لە کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا چەندین تەوەر لەلایەن گەورە شارەزایانی میدیایی تاوتوێ دەکرێن، لە رووی ستراتیژییەوە تەوەرە سەرەکییەکان پەیوەندیی دیجیتاڵی لە بەکارهێنانی ئامێری دیجیتاڵی نوێ، زیرەکی دەستکرد لە رۆبۆت و بەرنامە تەکنەلۆژییە رۆبۆتییە نوێیەکان، تەکنەلۆژیای وردی پێشکەوتوو، داهێنان لە کەرتی میدیاییش دەگرێتەوە.
 
لە رووی کاری رۆژنامەڤانییەوە
 
خول و پانێڵی تایبەت بە کاری رۆژنامەڤانی و میکانیزمی تایبەت بە رێکخستنی کاری تەلەڤزیۆنی و میدیای کۆمەڵایەتی کە تێیدا ئاپ و بەرنامەکانی سۆشیاڵ میدیا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، هەروەها لە بەشێکی گرنگی کۆنگرەکە تیشک دەخرێتە سەر جیهانی ئینتەرنێت و داهێنانە نوێ و دەستپێشخەرییە سەردەمییەکانی پەیوەست بە ئینتەرنێت و بەستنەوەی ناوەندەکانی میدیا بە تۆڕە ئینتەرنێتییەکان.
 
لە رووی پیشەسازییەوە 
 
کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا بە سەکۆیەکی گرنگ و کاریگەر بۆ بە یەکگەیاندن و بەستنەوەی کۆمپانیا میدیاییەکان دادەنرێت.
 
دەیان کۆمپانیا لە ناوچەی کەنداو، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەشداری لە کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا 2022 دەکەن و چاوەڕێ دەکرێت پلاتفۆڕمی کۆنگرەکە ببێتە خاڵی بەستنەوەی لایەن و سەرچاوە میدییاییەکان کە نیازیان هەیە پەرە بە کاری میدیاییان لە رووی پیشەسازییەوە بدەن.
 
کۆنگرەی جیهانی بۆ میدیا وەکو مایکرۆسکۆپێک بۆ خستنەڕوو و ناسینی راستی جیهانی میدیایی ئەمڕۆی ناوچەکە و جیهان دادەنرێت و بە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی روانگەیەکی نوێ بەرەو داهاتوویەک کە تێیدا پیشەسازی میدیا ببێتە هاندەر و سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ پەرەدانی بەردەوامی کۆمەڵگەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە