نەتەنیاهوو: لە رەفەح کارەساتی مرۆیی رووینەداوە و رووشنادات

15-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت شەڕ دەکەن و یارمەتیی خەڵکی رەفەحیش دەدەن. دەشڵێت تاوەکو ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن کەسیان لە ناوچەکانی شەڕی شاری رەفەح دوورخستووەتەوە و "هیچ کارەساتێکی مرۆیی رووینەداوە."
 
رۆژی چوارشەممە 15-05-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "شاری رەفەح لە خەڵکی سڤیل چۆڵدەکەین و پابەندیی خۆمان بە پێداویستییە مرۆییەکان دەپارێزین. هەوڵەکانی ئێمە خەریکە بەرهەمی دەبێت. تاوەکو ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن خەڵکمان لە ناوچەکانی شەڕکردنی رەفەح دەرهێناوە."
 
نەتەنیاهوو پێیوایە ئەو کارەساتە مرۆییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باسیدەکات، "رووینەداوە و رووشنادات."
 
هەر ئەمڕۆ، یەکێتیی ئەورووپا داوای لە ئیسرائیل کرد "هەر ئێستا" ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەر شاری رەفەح رابگرێت.
 
بەڵام ئیسرائیل لە هەڕەشەکانی بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح بەردەوامە. حکومەتەکەی نەتەنیاهوو دەڵێت، رەفەح بارمتە و بە هەزاران چەکداری حەماسی تێدایە "دەبێت لەنێویان ببەین."
 
جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی "ئەگەر ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر شاری رەفەح بەردەوامبێت، بارقورسییەکی زۆر دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و یەکێتیی ئەورووپا. ئێمە داوا لە ئیسرائیل دەکەین هەر ئێستا ئەو ئۆپەراسیۆنە رابگرێت."
 
بۆرێل ئاماژەی بەوەشکرد "یەکێتیی ئەورووپا دان بە مافی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیلدا دەنێت، بەڵام ئیسرائیل دەبێت هاوتەریبی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان ئەوە بکات و خەڵکی سڤیل بپارێزێت."
 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گوشار لە ئیسرائیل دەکرێت تاوەکو ئۆپەراسیۆنی سەر شاری رەفەح، نەکات چونکە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار ئاوارە و دانیشتووی لێیە. 
 
رۆژی سێشەممە (14ـی ئایاری 2024) ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارەکانی فەلەستین (UNRWA) لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریی لە دۆخی رەفەح دا و، گوتی "ئەگەر ئیسرائیل هێرشێکی فراوان بۆ سەر شارەکە بکات، ژمارەیەکی زۆرتری فەلەستینییەکان ئاوارە دەبن. خەڵکی غەززە رووبەڕووی ماندویێتی، برسیێتی و ترس بوونەتەوە و هیچ شوێنێکی سەلامەتیان نییە بۆی بڕۆن. دەبێت دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیێندرێت."
 
هەڕەشەکانی ئیسرائیل ترسیان گەیاندووەتە خەڵکی رەفەح. ئونروا دەڵێت "لە 6ـی ئەم مانگەوە تائێستا، نزیکەی 450 هەزار کەس لە رەفەح ئاوارە بوون."
 
ئیسرائیل داوای لە خەڵکی رەفەح کردووە شارەکە بەرەو ناوچەی (ئەلمەواسی) لە کەناراوەکانی باکووری رۆژئاوای غەززە چۆڵ بکەن، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامادەنین ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک بە سەلامەتی بەرەو ئەو ناوچەیە بگوازنەوە.
 
سەرەڕای گوشاری زۆری نێودەوڵەتی، رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئیسرائیل چەند تانکێکی بەرەو باشووری شاری رەفەح نارد، کە هاوسنووری میسرە و دەکەوێتە دوایین خاڵی باشووری غەززە و دەروازەیەکی سنووریی ئەو شارەی داخست، کە هاوکاری و سووتەمەنیی پێدا تێپەڕدەبوو.
 
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، دەروازەی رەفەحیان لە دیوی غەززەوە کۆنترۆڵ کردووە.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد. ئەمڕۆ تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا، 60 کەس کوژراون؛ لە سەرەتای جەنگیشەوە 35 هەزار و 233 کەس کوژراون و 79 هەزار و 141ـی دیکە برینداربوون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە