حیزبوڵڵا بۆ ئیسرائیل: ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین، ئێوەش بڕیاری خۆتان بدەن

14-09-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دووەم باڵاترین فەرماندەی سەربازیی حیزبوڵڵا هۆشداریی دایە ئیسرائیل و گوتی، "ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین، ئێوەش بڕیاری خۆتان بدەن. ئەگەر جەنگ هەڵگیرسێنن، رووبەڕووتان دەبینەوە."
 
رۆژی شەممە 14-09-2024 نەعیم قاسم، دووەم باڵاترین فەرماندەی سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنانی لەدوای لێدوانێکی یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە شەڕمان ناوێت، چونکە ئەوە هیچ یارمەتیدەر نابێت؛ بەڵام ئەگەر ئیسرائیل جەنگ هەڵبگیرسێنێت، رووبەڕوویان دەبینەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە هەردوولا دەکوژرێن."
 
نەعیم قاسم کە لە بەیرووتەوە قسەی کرد، گوتیشی، "ئەگەر ئیسرائیل پێیوایە بە جەنگ رێگە بە گەڕانەوەی 100 هەزار ئاوارە بۆ زێدی خۆیان دەدات، ئەوە با بزانێت سەدان هەزاری دیکە ئاوارە دەبن."
 
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە شەڕ و پێکدادانیان هەبووە. شەڕی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران کەس لە ماڵوحاڵی خۆیان رابکەن.
 
پێکدادانی دوو لایەنەکە تاوەکو ئێستا 623 کەسی لە لوبنان کوشتووە، لەوانەش 142 سڤیلی لوبنانی. لە دیوی ئیسرائیلیش، بەپێی ئەو زانیاریانەی خراونەتەڕوو، 24 سەرباز و 26 سڤیل کوژراون.
 
قاسم هەروەها هۆشداریی دا و گوتی، "مەحاڵە ئەوانەی لە سنووری ئیسرائیل ئاوارە بوون بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؛ بۆیە کاتی خۆتان وەرگرن، بیر بکەنەوە و بڕیاری خۆتان بدەن، ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین."
 
لە کۆتایی مانگی ئابی ئەم ساڵ، ئیسرائیل رایگەیاند، سوپاکەیان هێرشێکی پلاندانراوی گرووپە لوبنانییەکەیان پووچەڵکردووەتەوە بۆ ئەوەی هێرشبکەنە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل هەروەها بڵاویکردەوە، ئەو رۆژە چەندین هەزار مووشەکهاوێژی حیزبوڵڵایان تێکشکاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە