رووداو دیجیتاڵ
عەلى خامنەیی، رێبەرى باڵاى کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، لە یەکێک لە قۆناخەکانى جەنگى نێوان عێراق و ئێراندا هێندەی نەمابوو سەدام حوسێن، سەرۆکى ئەو کاتەی عێراق بەدیلبگرن.
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رۆژی 12ـی ئەم مانگە و لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى وڵاتەکەى ئەو قسەیەی کرد.
عەلی خامنەیی گوتی: "سەدام حوسێن لەسەرەتاى جەنگى عێراق و ئێران لە نزیک شارى ئیلامى رۆژئاواى ئێران هەڤپەیڤینی لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس ئەنجامدا و پێى گوتن کە هەڤپەیڤینی داهاتووى لە تارانى پایتەختی ئێران دەبێت"، بەڵام ئامانجەکەی نەهاتەدی.
رێبەرى باڵاى ئێران باسی لەوەش کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکی سوپای پاسداراندا زۆری نەمابوو سەدام حوسێن بەدیل بکەوێتە دەست هێزەکانیان و گوتی: "هێزەکانمان گەیشتنە ئەو شوێنەى سەدامى لێبوو، ئەگەر نیو کاژێر زووتر بگەیشتنایە دەستگیریان دەکرد، بەڵام ئەو بەختى هەبوو و توانى هەڵبێت".
جەنگى ئێران و عێراق لە ساڵى 1980 تاوەکو 1988 بەردەوام بوو، تێیدا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە هەردوولا کوژران.
لەسەرەتاى جەنگدا سوپاى عێراق لە زۆربەى ناوچە سنوورییەکان پێشڕەوى کرد و لە هەندێک شوێن گەیشتە قووڵایى 120 کیلۆمەتر لەنێو ئێران و شارى خورەمشەهر دیارترین ئەو شارانە بوو کە سوپاى عێراق کۆنتڕۆڵی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ