رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەیەکی کوێت ئاگر لە باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوونی کرێکارانی بیانی کەوتەوە، بەو هۆیەوە 49 کرێکاری هیندستانی گیانیان لەدەستدا و 43 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە (12-06-2024) وەزارەتی ناوخۆی کوێت رایگەیاند "لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوونی کرێکاران لە ناوچەی مەنقەف، 49 کەس گیانیان لەدەستدا."
ناوچەی مەنقەف دەکەوێتە باشووری شاری کوێتی پایەخت و پڕە لە کرێکاری بیانی.
لیوا عید ئوەیهان، سەرۆکی بەشی بەڵگەی تاوانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی کوێت رایگەیاند "بەداخەوە، ئەمڕۆ لە هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوونی کرێکاران ئاگادار کراینەوە."
ئوەیهان دەڵێت، تیمەکانی دادپزیشکی لە باڵاخانەکە دەستیان بەکارکردووە و تائێستا سێ تەرمیان ناسیوەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک، ئاگرەکە بەهۆی خراپ کۆگاکردنی غازەوە لە ژێرزەمینی باڵاخانەکە کەوتووەتەوە.
لە چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت، باڵاخانەیەکی شەش نهۆمی ئاگر و دووکەڵێکی زۆری لێ بەرزدەبێتەوە. بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، باڵاخانەکە 196 کرێکاری لێ ژیاوە و زۆربەیان خەڵکی هیندستانن.
کوێت یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆر کرێکاری بیانی، بەتایبەت لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە، بۆ کارکردن رووی تێدەکەن.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاگرکوژێنەوە، بەشێکی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی دووکەڵەوە خنکاون.
سوبراهمانیام چەیشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان لە ئێکس بڵاویکردەوە "بەو هەواڵە حەپەساوم، سەرەخۆشیی لە خێزانی ئەو قوربانییانە دەکەم کە گیانیان لەدەستداوە."
شێخ فەهد یوسف، وەزیری ناوخۆی کوێت سەردانی ناوچەکەی کردووە و رایگەیاند "خاوەن باڵاخانەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
رووداوی ئاگرکەوتنەکەوە یەکێکە لە رووداوە پڕ قوربانییەکانی کوێت و کاردانەوەی زۆری دروستکردووە. لە ساڵی 2009، لە رووداوێکی هاوشێوەدا، نوسرە عینزی، دوای ئەوەی زانی هاوژینەکەی ژنی دووەمی هێناوە، ئاگری لە خیوەتێکی ئاهەنگەکە بەردا و بەو هۆیەوە 57 کەس، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، گیانیان لەدەستدا. نوسرە لە ساڵی 2017 سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ