نەتەنیاهوو رەتیدەکاتەوە لە دوای جەنگ دەسەڵاتی فەلەستین غەززە بەڕێوەببات

11-11-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
ناتانیاهوو لەکاتی قسەکردن بۆ رۆژنامەڤانان
ناتانیاهوو لەکاتی قسەکردن بۆ رۆژنامەڤانان
نیشانەکردن نەتەنیاهوو شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیکردەوە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی غەززە، رێگە بە دەسەڵاتی فەلەستینی بدەن غەززە بەڕێوەببات، بەڵکو دەڵێ ئیسرائیل خۆی کۆنترۆڵی کەرتەکە دەکات و دۆسیەی ئەمنیی بەڕێوەدەبات. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، ئەمشەو (شەممە، 11-11-2023) پرسیار لە نەتەیاهوو کرا، ئایا دەسەڵاتی فەلەستین کە کەرتی رۆژئاوا بەڕێوەدەبات، لە دوای جەنگ غەززەش بەڕێوەدەبات؟ نەتەنیاهوو گوتی "پێویستە شتێکی دیکە هەبێت. هیچ حکومەتێکی سڤیل لەوێ نابێت کە منداڵەکانیان لەسەر رقبوونەوە لە ئیسرائیل، کوشتنی ئیسرائیلییەکان و سڕینەوەی وڵاتی ئیسرائیل، پەروەردە بکەن."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا هەروەها باسی لەوە کرد ئامانجیان "ریشەکێشکردنی حەماس" و، گەڕاندنەوەی رفێندراوانە. 
 
لەکاتێکدا رۆژی شەممە سەرکردەکانی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی رایانگەیاند ''داوای وەستاندنی هەناردەکردنی چەک دەکەین بۆ ئیسرائیل''، نەتەنیاهوو رایگەیاند "بە سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەب دەڵێم: پێویستە دژی حەماس بن''، هەروەها گوتی "هۆشداری بە حیزبوڵڵا دەدەم، بەشداری جەنگ نەبن.''
 
سەبارەت بە شەڕی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "هێزەکانمان لەنێو جەرگەی غەززەن و نەخۆشخانەی شیفامان گەمارۆداوە.''
 
نەتەنیاهوو هەروەها دەڵێت "جگە لە سەرکەوتن، هیچ بژاردەیەکمان نییە."
 
بەشێکی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تایبەت بوون بە هەڕەشەکردن لە حیزبووڵای لوبنان و گوتی "حیزبوڵڵا هەر هەڵەیەک بکات، باجی گەورەی بۆ لوبنان دەبێت. هۆشداری بە حیزبوڵڵا دەدەم، بەشداری جەنگ نەبن.''
 
سەبارەت بە ئاگربەستیش نەتەنیاهوو رایگەیاند "پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا دژی ئاگربەست بن، چونکە لەنێوبردنی حەماس ئامانجی ئەوانیشە. جەنگی ئێمە، جەنگی رۆژئاواشە.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە