رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وێنەی بەکۆمەڵی سەرکردەکان پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامی، وێنە: SPA
رووداو دیجیتاڵ
لووتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بارەی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کۆتاییهات و وڵاتان داوایان کرد گەمارۆی چەک بخرێتە سەر ئیسرائیل و گەمارۆی سەر غەززە کۆتایی پێبهێندرێت.
لووتکەکە بە بەشداری رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو.
لە راگەیێندراوی کۆتاییدا، لووتکەی هاوبەشی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی:
- داوای شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە و رێگەدان بە دەربازبوونی کاروانی یارمەتی مرۆیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی بۆ نێو غەززە دەکات.
- داوا لە هەموو وڵاتەکان دەکات هەناردەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل رابگرن.
- لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی سەرکۆنەی دوژمنکاریی ئیسرائیل و ئەو تاوانە جەنگی و کۆمەڵکوژییە دڕندانە و نامرۆڤانەیە دەکات، کە حکومەتی داگیرکار دەیانکات.
- ناوبردنی ئەم جەنگە بە بەرگری لەخۆکردن و رەوایەتیپێدانی بە هەر پاساوێک، رەتدەکاتەوە.
- داوا لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەکات، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و پابەندکەر بدات بۆ وەستاندنی دوژمنکارییەکە و رێگریکردن لە دەسەڵاتی داگیرکار کە یاسای نێودەوڵەتی، یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و بڕیارە رەوا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلكردوون.
- هەر بیرۆکەیەکی جیاکردنەوەی کەرتی رۆژئاوا، لەنێویدا قودسی رۆژهەڵات، رەتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە لەوەی هەر مامەڵەیەک لە داهاتوودا لەگەڵ غەززە بکرێت، پێویستە لە چواڕجێوەی چارەسەرێکی گشتگیردا بێت، بەجۆرێک زامنی یەکگرتوویی یەکپارچەیی غەززە و کەرتی رۆژئاوای وەک خاکی وڵاتی فەلەستین بکات، کە پێویستە وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری بێت و پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت، لەسەر بنەمای سنوورەکانی 4ـی حوەزیرانی 1967/
- داوا دەکات بە زووترین کات کۆنفرانسێکی ئاشتیی نێودەوڵەتی ببەسترێت.
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە گوتاری کردنەوەی لووتکەکەدا گوتی، وڵاتەکەی "جەختدەکاتەوە لەوەی دەسەڵاتی داگیرکار بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بەو تاوانانەی دژی خەڵکی فەلەستین ئەنجامیاندەدات."
بن سەلمان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە و کەرتی رۆژئاوا گوتی "ئێمە، دڵنیاین کە تاکە رێگە بۆ گەرەنتیکردنی ئاساییش، ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە، کۆتاییهێنانە بە داگیرکاری، گەمارۆ و دەستبەسەرداگرتن."
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، کە ئەمە یەکەمین سەردانی بوو بۆ سعودیە، دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان لە مانگی ئادار، ئاماژەی بەوە کرد پێویستە وڵاتانی ئیسلامی سوپای ئیسرائیل بە "رێکخراوێکی تیرۆرستی" پۆلێنبکەن لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی دەیانکاتە سەر غەززە.
ناکۆکیی هەرێمی
بڕیار بوو رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە لە 57 ئەندام پێکدێت، لەنێویاندا ئێران، هەروەها کۆمکاری عەرەبی بەجیا کۆببنەوە.
دیپلۆماتە عەرەبەکان رایانگەیاندووە، بڕیاری تێکەڵکردنی دوو کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە شاندەکانی کۆمکاری عەرەبی نەیانتوانی لەسەر راگەیێندراوی کۆتایی رێکبکەون.
هەندێ وڵات، لەنێویاندا جەزائیر و لوبنان، پێشنیازیانکردبوو وڵاتانی عەرەبی هەڕەشەی قەدەخەکردنی فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بکەن و ئەو وڵاتە عەرەبیانەشی نێوانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردووەتەوە، پەیوەندییەکانیان بپچڕێننەوە.
بەڵام لانیکەم سێ وڵات، لەنێویاندا ئیمارات و بەحرێن کە ساڵی 2020 پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردنەوە، پێشنیازەکەیان رەتکردووەتەوە.
پێش کۆبوونەوەکە، بزووتنەوەی حەماس، گوتی ئەوان "چاوەڕێ ناکەن هیچ شتێک" لە لووتکەکە بەرهەمبێت و رەخنەی لە سەرکردەکان گرت بەوەی درەنگکەوتوون.
محەممەد هیندی، جێگری ئەمینداری گشتیی حەماس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە گوتی "ئێمە هیچ هیوایێکمان بەم جۆرە کۆبوونەوەانە نییە، چونکە چەندین ساڵە ئەنجامەکانیانمان بینیوە. بەستنی ئەم کۆنفرانسە دوای 35 رۆژ (لە جەنگ)، دەرخەری ئەنجامەکانییەتی."
ئیسرائیل و ئەمریکای پشتیوانی سەرەکیی، تاوەکو ئێستا هەموو بانگەوازەکانی ئاگربەستیان رەتکردووەتەوە، کە ئەوەش رۆژی شەممە رەخنەی تووندی لێ گیرا.
رەئیسی پێش ئەوەی لە تارانەوە بەرەو ریاز بەڕێبکەوێت، گوتی "ئەمریکا رێگری لە ئاگربەست کردووە لە غەززە و خەریکە بازنەی جەنگەکە فراوانتر دەکات."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا گوتی "مایەی شەرمەزارییە وڵاتانی رۆژئاوا، کە بەردەوام باسی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان دەکەن، لەبەرامبەر کۆمەڵکوژیی بەردەوامی فەلەستین بێدەنگ ماونەتەوە."
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین گوتی، واشنتن "گەورەترین کاریگەریی لەسەر ئیسرائیل هەیە و لەبەرامبەر نەبوونی چارەسەرێکی سیاسیدا بەرپرسە".
سەرۆککۆماری ئێران لە ریاز
لووتکەکەی ریاز ژمارەیەک سەرکردەی ناوچەکەی لەنێو یەک هۆڵدا کۆکردنەوە کە پێشتر کۆکردنەوەیان زەحمەت بوو. لەوانەش ئیبراهیم رەئیسی، ئەردۆغان، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر.
رەئیسی، یەکەم سەرۆککۆماری ئێرانە کە سەردانی سعودیەی کردبێت دوای سەردانەکەی محەممەد ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی 2012.
ئێران پشتیوانی لە حەماس، حزبوڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن دەکات، بەوەش لە چەقی مەترسیی بەرفراوانبوونی جەنگەکەدایە.
ململانێکە هەر لە سەرەتاوە بووە هۆی زیادبوونی هێرشی ناوبەناوی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل، هەروەها حوسییەکان بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە هاویشتنی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بە ئاراستەی ئیسرائیل راگەیاندووە.
لە هەمان کاتدا گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، نزیکەی 50 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و لە بەرامبەردا، ئەمریکا دوو جار پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە لایەنگرەکانی لە سووریا بۆردوومانکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ