رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک زانا و لێکۆڵینڤانی ژینگە لە تیمی "پرۆژەی دەریای سوور" لە نزیک ناوچەی مەرسا عەلەم لە میسر لێکۆڵینەوە لەبارەی مەرجانەکانی دەریای سوور دەکەن، کە 5%ی مەرجانی جیهان لەوێیە.. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە، کە ژیانی نزیکەی 25%ی گیانەوەرە ئاوییەکانی لەسەرە.
هانا کووکس، ئەندامی پرۆژەی دەریای سوور دەڵێت، "بە بڕوای ئێمە ئەو مەرجانانەی کە لێرە هەن تەندروستترن لە هی جێی دیکەی جیهان. بەگشتی رەوشیان ئەرێنییە، بەڵام دەبێت کارەکانی ئێمە باشتر بن و بەرنامەکانمان فراوانتر ببن."
گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی ئاوی دەریاکان، کاریگەریی زیاتری خستووەتە سەر ژیانی مەرجانەکان. زانایانی پاراستنی ژینگە دەڵێن، لە یەک ساڵدا، تەنیا لە ئوسترالیا 50%ی مەرجانەکان لەنێوچوون.
ژینگەی مەرجانەکان لە دەریای سوور 4500 کیلۆمەتر لەگەڵ دەریادا درێژبووەتەوە، ئەوەش گەورەترینە لە جیهاندا. لێکۆڵینڤانان دەڵێن، "نزیکەی 420 جۆر مەرجان هەن، کە 350 جۆری وشک و 70 جۆری نەرم-ن."
مەحموود حەنەفی، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوە زانستییانەی بە هاوکاریی ئێمە کراون، رەنگە دەریای سپی ببێتە پەناگەی کۆتایی بۆ مەرجانەکانی جیهان. ئەو کێشەیە، بابەتی پاراستنیان لە ئاستی نێوخۆیی دەرچووە و چووەتە ئاستی نێودەوڵەتی."
بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە ئابووریی زەریاکان، میسر ساڵانە نزیکەی حەوت ملیار دۆلاری لە گەشتیاری دەستدەکەوێت، ئەمەش لەبەر بوونی مەرجانە سەرنجڕاکێشەکانە. پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2100 ئەو وڵاتانەی مەرجانیان زۆرە، 90%ی هاتنی گەشتیار بۆ وڵاتەکانیان لەدەست بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ