ئەردۆغان: رێگەنادەین نەشتەرگەری لەسەر نەخشەی سووریا بکرێت

10-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی لەبارەی داهاتووی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "وەک چۆن رێگەمان نەدا بە هەر جۆرە دەستوەردانێک لە ناوخۆی وڵاتەکەمان، بە هەمان شێوەش رێگەنادەین و رەزامەندی نادەین لەسەر نەشتەرگەری لە نەخشەی سووریا." 
 
ئێوارەی دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا کە چوار کاژێری خایاند، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی دۆخی سووریای کرد.  
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "هەرچەندە ئێمە ئاشتی و ئارامی بۆ هەمووان دەخوازین، بەڵام ئەجێندای دەرەکی لە ئاستی هەڵکشاندنی گرژییەکان، تێکدانی ئارامی و نانەوەی ئاژاوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستەوسان نەبوون و هەمیشە لە پیلانگێڕیدان. بەردەوام کێشە و ناکۆکی و ململانێی ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی و نەژادییەوە لە ئاسیاوە بگرە تا دەگاتە ئەفریقا دەنێنەوە." 
 
ئەردۆغان باسی رووداوەکانی ئەمدواییانەی سووریا کرد و گوتی: "پاشماوەی رژێمی رووخاو ئاژاوەیان نایەوە بۆ ئەوەی کێشەی مەزهەبی سەرهەڵبداتەوە و بۆ ئەمەش زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆریستییان کرد. لەو ناوچانەی کەمایەتییەکان تێیدا دەژین، شەڕ و پێکدادانی خوێناوییان کرد و دەستیان کرد بە کوشتنی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیل. بەداخەوە لەنێویاندا بەشێک لە هاووڵاتییان دوای نوێژی تەراویح شەهید کران."
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، "بینیمان سوپای سووریا دەستوەردانی خێرا و کاریگەری هەبوو کە لە ئەنجامدا هەرچەندە کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری دۆخە نالەبارەکەی کرد، بەڵام هێشتا ئاگری فیتنە و هەستیارییەکان کۆتاییان پێنەهاتووە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە بەرپرسانی سووریا کرد کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و گوتی: " دەمەوێ زۆر بە روون و ئاشکرا ئەوە بڵێم، وەک تورکیا هەرچەشنە تیرۆر و هێرش و تۆقاندنێک کە یەکگرتوویی و ئاشتی کۆمەڵایەتیی سووریا بکاتە ئامانج، بە تووندی سەرکۆنە دەکەین. رێکاری تایبەت بۆ رەواندنەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەگرینەبەر. پێشنیاز دەکەین بۆ بەرپرسانی سووریا کە بە زووترین کات ئەو قۆناخە تێپەڕێنن."
 
سەبارەت بە دوایین پەیامی ئەحمەد شەرع بۆ دۆخی ناوچە کەناراوەکانی سووریا. سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "پێشوازی لە پەیامی ئارامی بەخش و هێورکەرەوەی بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و سووربوونی لەسەر بەسزاگەیاندنی ئەوانەی لە یاسا لایانداوە دەکەین."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان پەسنی ئەحمەد شەرعی کرد و گوتی: "لە 8ـی کانوونی یەکەمی پارساڵەوە بەڕێز شەرع بەبێ ئەوەی بکەوێتە داوی پیلانگێڕی و ئەو بۆسانەی بۆی دانرابوون، سیاسەتێکی گشتگیری گرتبووەبەر. بەردەوامبوونی لەم رێبازەی، هۆکار دەبێت بۆ تێکدانی هەموو ئەو پیلانگێڕیانەی رووبەڕووی سووریا دەبێتەوە. لەو باوەڕەدام بەبێ جیاکاری لەنێوان عەرەب، کورد، دروزی، نوسەیری و کریستیانەکان بە چاوی هاووڵاتییانی سووری مامەڵە دەکات و رێگە بەو کەسانە نادات دەیانەوێت تۆوی دووبەرەکی و جوداخوازی بچێنن و وڵات پارچەپارچە بکەن."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و گوتی: "وەک چۆن رێگەمان نەدا بە هەرجۆرە دەستوەردانێک لە ناوخۆی وڵاتەکەمان، بە هەمانشێوەش رازی نابین لەسەر هیچ نەشتەرگەری و نەخشەسازییەک لە سووریا."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە