رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

وێنەی پێشەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانە و دوو کەسەکەی دواوە مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعن.
prev
next
رووداو دجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا پەسنی رێککەوتنی نێوان شام و هەسەدەی کرد و جەختیکردەوە کە ئەگەر بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکرێت، ئارامی و ئاسایش بۆ سووریا دەگەڕێنێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پرۆگرامێکی بەربانگ کە تایبەت بوو بە فەلەستینییەکان و ئێوارەی سێشەممە 11-3-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد.
لەبارەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکرا، گوتی:"ئەگەر بە بێ کەموکوڕی جیبەجێ بکرێت، خزمەت بە ئاسایش و ئارامیی سووریا دەکات. براوەش تەواوی برا سووریاییەکانمان دەبن".
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، ئەگەر عەرەب، تورک و کورد پێکەوە برایەتییان بەهێز بکەن دەتوانن یارییەکان تێکبدەن و داهاتوویان مسۆگەر بکەن.
لەبارەی پێکەوەژیان و رێککەوتنی نەتەوە جیاوازەکان لە ناوچەکە ئەردۆغان گوتی: "جگە لە رێزگرتن، دەست خستنە نێو دەستی یەکدی هیچ رێگەیەکی دیکەی رزگاربوونمان نییە، با ئەمە لە هزری خۆمان دەرنەهێنین. خوای گەورە لە شەڕی نێوان برایانمان کە ئەمپریالیزمی پێ خۆش دەبێت، بمانپارێزێت".
شەوی دووشەممە میدیای فەرمی سووریا، دوو وێنەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعی لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە و تەوقەکردن و دەقی رێککەوتنەکەی بڵاوکردەوە.
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ