ئوردن: مەڕەکانی عێراق نەخۆش نەبوون

11-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکى وەزارەتى کشتوکاڵى ئوردن رەتیکردەوە ئەو دوو هەزار سەر مەڕەى عێراق گەڕاندنییەوە بۆ وڵاتەکەى، نەخۆش بووبن و دەڵێت: "خاوەنەکەى بارزگانێکى عێراقى بووە و لە رۆمانیاوە هێنرابوون".  
 
میسباح تەراونە، یاردەدەرى ئەمیندارى گشتى سامانى ئاژەڵ لە وەزارەتى کشتوکاڵى ئوردن رایگەیاند: ئەو مەڕانە پەیوەندى بە وڵاتەکەیەوە نەبووە و بازرگانێکى عێراقى لە رۆمانیانەوە هێنابوونى.
  
پێشتر لە 6ى ئادارى 2025، عەلائەدین قەیسى، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو: "ئەو دوو هەزار مەڕە ئوردنى بوون و لەلایەن کارمەندانى ڤێرتەرنەرییەوە پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە نەخۆشن و بۆ سەربڕین و خواردن شیاو نین."
 
یاردەدەرى ئەمیندارى گشتى سامانى ئاژەڵ لە وەزارەتى کشتوکاڵى ئوردن ئاماژەى بەوە دا، بەر لەوەى ئەو مەڕانە بچنە نێو سنوورى عێراق، بە تەکنەلۆژیاى (PCR) پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە کێشەى تەندروستییان نییە، بەڵام لایەنى عێراقى پشکنینى خێرایان (Rapid Test) بۆ دەکەن کە لە ئوردن پشتى پێ نابەسترێت و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار دراوە مەڕەکەکان بگەڕێندرێنەوە. 
 
هەر ئاژەڵێک لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردەى عێراق بکرێت، لەلایەن ڤێرتێرنەریی ئەو شارەى دەروازەکەى لێیە، پشکنینی بۆ دەکرێت، کە دەبێت 21 رۆژ چاوەڕێ بکرێت بۆ ئەنجامى پشکنینەکە، بەرلەوەى رێگەى پێبدرێت ببرێتە پارێزگاکەوە.
 
گەڕانەوەى ئەو دوو هەزار سەر مەڕە بۆ ئوردن لەکاتێکدا بوو ، عێراق لە نێوخۆدا رێوشوێنى گرتووەتەبەر بۆ سنووردارکردنى بڵاوبوونەوەى نەخۆشیى تەبەق و گواستنەوەى مەڕوماڵاتی لە بەغدا، بابل، دیالە، نەجەف و واست بۆ پارێزگاکانى دیکە قەدەخە کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە