رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2023، هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاش لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان یەکێک لەو بابەتانە بوو قسەیان لەبارەوە کرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و پرسە ناوچەییەکان باسکراوە و ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو بڕوایەدایە لە داهاتوودا هاوئاهەنگیی نێوانیان لە سەرجەم بوارەکاندا بەهێزتر دەبێت.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەردۆغان رایگەیاندووە، تورکیا بایەخی زۆر بە سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەدات و پێداگری لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە بوونی پەکەکە لەنێو باشووری کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، نەمانی پەکەکە لەنێو خاکی باشووری کوردستان و عێراق "پێویستییەکە بۆ بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش گرنگە".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بڵاویکردەوە، سوودانی و ئەردۆغان باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کردووە، لەوانەش "بواری ئابووری، گرتنەبەری رێکاری تۆکمەکردنی زیاتری سنوورە هاوبەشەکان، هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
لە پەیوەندییەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە فەرمی بانگهێشتی محەممەد شیاع سوودانی کردووە بۆ سەردانیکردنی تورکیا و محەممەد شیاع سوودانیش بەڵێنی بە ئەردۆغان داوە لە نزیکترین دەرفەتدا بانگهێشتنامەکەی قبووڵ دەکات و سەردانی تورکیا دەکات.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەر لەو پەیوەندییەدا باس لە پشکی عێراق لە ئاوی دیجلە و فورات و بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگیی دوولایەنەی بازرگانی و وەبەرهێنان و بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لە پڕۆژەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەتایبەتی گرێدانی هێڵی ئاسنین لە نێوان بەندەری فاو لە بەسرە تا نێو خاکی تورکیا کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ