رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ درۆنێکی هێزەکانی تورکیا بنکەیەکی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبجی لە گوندێکی دەوروبەری شاری منبج لە باکووری سووریا کردە ئامانج و بە هۆیەوە زیانێکی زۆری مادیی کەوتەوە.
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هێزەکانی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی کانوونی دووەمی 2024، بە درۆنێک هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبجیان کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەن، لە گوندی قەرت وێران لە رۆژئاوای شاری منبج کردە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکەوە زیانێکی زۆری مادی بەر ماڵ و موڵکی دانیشتووانی گوندەکە کەوتووە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە زیانی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج نەزانراوە.
سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمڕۆ، تا ێستا هەسەدە و ئەنجوومەنی سەربازیی منبج هیچ راگەیێندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە.
رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2023، هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی سەر بەو وڵاتە بە درۆن و تۆپخانە سێ گوندی ناوچەی منبجیان کردبووە ئامانج و زیانێکی زۆری مادی لێکەوتبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ