میسر بۆ کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی: بەهۆی جموجۆڵی سەربازی، ئاسمانی ئێران بەکارمەهێنن

07-08-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی میسر هۆشداری دەداتە هێڵ و کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی، لە بەرەبەیانی پێنجشەممەوە بۆ ماوەی سێ کاژێر، ئاسمانی ئێران بەکارنەهێنن.
 
رۆژی چوارشەممە 07-08-2024، وەزارەتی فڕۆکەوانیی میسر ئاگادارییەکی ئاراستەی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان کرد و رایگەیاند "رۆژی پێنجشەممە 08-08-2024 لە نێوان کاژێرەکانی 04:00 بۆ 08:00ـی بەیانی [بەکاتی هەولێر]، بە ئاسمانی تاراندا مەفڕن."
 
ئەو وەزارەتەی میسر رایگەیاندووە زانیارییان لە بەرپرسانی ئێرانەوە پێگەیشتووە، "چەند جموجۆڵێکی سەربازی لەنێوان کاژێر 04:00 بۆ 08:00ـی بەیانی دەکرێن."
 
جگە لە میسر، چەندین کۆمپانیا و وڵاتی دیکە ئەو گەشتانەیان هەڵوەشاندەوە، کە تێیدا دەبووایە ئاسمانی ئێران و لوبنان بەکاربهێنن. 
 
رۆژی چوارشەممە، هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە و ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان، فڕۆکەکانی ناچنە ئاسمانی عێراق و ئێران. لوفتهانزا رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر، عەممان، بەیرووت، تاران و تەلئەڤیڤ، تاوەکو 13 مانگ درێژکردەوە. 
 
هەروەها رۆژی 05-08-2024 رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردبووەوە ''ئێران، هێڵە ئاسمانییەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە ئەگەری ناچاربوون بەوەی لە دوا خولەکدا ئاراستەی فڕۆکەکانیان بگۆڕن، ئەگەر هەر رووداوێک لەسەر ئاسمانی ئێران رووبدات."
 
ئەم بڕیارەی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان لەکاتێکدایە، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تاران.
 
کوشتنی هەنییە رۆژێک دوای کوشتنی فوئاد شوکر، یاریدەدەری حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە هات.
 
ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەوان بۆ هەموو جۆرە هێرشێک ئامادەن. ئەمریکاش ئامادەیی خۆی نیشانداوە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بەرگری لەو وڵاتە دەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە