لوبنان 337 پارچە شوێنەوار رادەستی عێراق دەکاتەوە

07-02-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکدا کە لە مۆزەخانەی نیشتمانی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەچوو، محەممەد مورتەزا، وەزیری رۆشنبیریی لوبنان 337 پارچە شوێنەواری دزراوی عێراقی رادەستی باڵیۆزی عێراق لە لوبنان کردەوە.
 
پارچە شوێنەوارە رادەستکراوەکان دوای دزینیان و بەقاچاخبردنیان بۆ دەرەوەی عێراق بە درێژایی چەند ساڵێک لە مۆزەخانەی نیشتمانیی لوبنان پیشاندرابوون.
 
حەیدەر شیاع بەراک، باڵیۆزی عێراق لە لوبنان رایگەیاند، "ئاهەنگ دەگێڕین بەبۆنەی وەرگرتنەوەی 337 پارچە شوێنەوار؛ ئەو پارچە شوێنەوارییانە هی سەردەمی جیاجیای شارستانیی وڵاتی دوو رووبارەکەن".
 
حکومەتی عێراق دەڵێت، لە ساڵی 1991 و لە سەردەمی جەنگی کوێتدا و لە جەنگی رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە عێراق لە ساڵی 2003، هەزاران پارچە شوێنەواری شارستانییەتە دێرینەکانی عێراق وەکو "بابل و سۆمەر" لە مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق دزران و دواتر بەشێکیان لە چەندین وڵاتی جیهان وەکو ئەمریکا، بەریتانیا و لوبنان دۆزرانەوە.
 
لە مانگی تەممووزی ساڵی 2021ـەوە حکومەتی عێراق زیاتر لە 20 هەزار پارچە شوێنەواری دزراوی لە ئەمریکا وەرگرتووەتەوە کە حکومەتی ئەمریکا لە دەستی قاچاخچی و فرۆشیار و کڕیارانی رزگارکردبوون؛ دیارترینی ئەو پارچە شوێنەوارانە تابلۆی دێرینی گلگامشە کە تەمەنی زیاتر لە سێ هەزار و 500 ساڵە و لە ساڵی 1991 لە سەردەمی جەنگی کوێت لە مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی عێراق دزرابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە