رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بۆردوومانێکی تورکیا لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لە 5ـی ئۆکتۆبەری 2023. وێنە: North Press
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەیانی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، دوای هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر سەربازگەیەکیان لە ناوچەی دابق لە سووریا، هێزەکانیان بەشێوەیەکی "بەهێز" وەڵامیان داوەتەوە، لە ئەنجامدا 26 شەڕڤانی یەپەگە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا کاژێر 01:49 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 6ـی تشرینی یەکەمی 2023 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، کە لە بنکەی سەربازی ئامەد فڕیون، جارێکی چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان کردووە و دووکەڵی بۆردوومانەکە لە ئاسمانی پارێزگای مێردینی باکووری کوردستانەوە بینراوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا شەوی پێنجشەممە رایگەیاند، کاژێر 23:00ـی هەمان شەو، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ناوچەی تەلرەفعەت، جزیرێ و دێرکی رۆژئاوای کوردستانیان کردووە و 30 ئامانجیان پێکاوە.
پێشتر، هەمان شەو، لە ناوچەی تەلرەفعەت کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دایە، سەربازگەیەکی سەر بە هێزەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی دابق بە چڕی مووشەکباران کرا. لە ئەنجامدا هەشت سەربازی سوپای تورکیا برینداربوون، کە پێنجیان سەر بە هێزی تایبەتی کۆماندۆ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ