لەسەر راگرتنی بازرگانیی نێوانیان، ئیسرائیل سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار دەکات

04-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی تورکیا بڕیاریدا هەموو جۆرە بازرگانییەک لەگەڵ ئیسرائیل رابگرێت، وەزیری ئابووریی ئیسرائیل سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکرد و بە "بڕیارێکی تاکلایەنانە" ناویبرد.
 
رۆژی هەینی، 03-05-2024 نیر بەرکات، وەزیری ئابووریی ئیسرائیل لەسەر بڕیارەکەی تورکیا بۆ راگرتنی هەموو بازرگانییەک لەگەڵ ئیسرائیل، سکاڵای تۆمار کرد.
 
بەرکات لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لای ماتیاس کۆرمان، سەرۆکی رێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری OECD، سکاڵام لەسەر بڕیارە تاکلایەنەکەی تورکیا تۆمار کرد."
 
سکاڵاکەی وەزیری ئابووریی ئیسرائیل دوای رۆژێک لە بڕیارەکەی ئەنقەرە دێت. رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا راگرتنی تەواوی بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند و گوتی، "سەرجەم ئەو کاڵایانەی هەناردەی ئیسرائیلمان دەکردن و ئەو کاڵایانەی لە ئیسرائیل هاوردە دەکران، راگرتوون."
 
نیر بەرکات گوتیشی، "بڕیارەکەی ئەردۆغان ب ەشێوەیەکی ئاشکرا پێشێلی یاساکانی بازرگانیی دەریایی دەکات."
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل کۆتایی بە گەمارۆی سەر کەرتی غەززە دەهێنێت و رێگەی تەواو دەکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، پزیشکی و پێداویستیی سەرەکیی رۆژانە بۆ خەڵکی غەززە، لە بڕیارەکەیان پاشگەز نابنەوە.
 
قۆناخی یەکەمی سنووردارکردنی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل هەروەک وەزارەتەکە باسی دەکات لە 09-04-2024 جێبەجێکراوە و تێیدا هەناردەکردنی 54 بەرهەم و کاڵا بۆ ئیسرائیل راگیرا.
 
ئەو 54 بەرهەم و کاڵایە کەرەستە و پێداویستییە سەرەکییەکانی بیناسازی، ئاسن، کانزا، پۆڵا، مەڕمەڕ، سیرامیک، بۆری، چیمەنتۆ و چەندین مادەی کیمیایی لەخۆدەگرت.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، ساڵی 2023 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل 6.8 ملیار دۆلار بووە؛ 76٪ی بازرگانییەکە هەناردەی تورکیا بووە بۆ ئیسرائیل.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، ئەوەش دوای هێرشێکی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و فێستیڤاڵێکی میوزیکی.
 
حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم هەزار و 170 کەس کوژراون و حەماس ئەو رۆژە 250 کەسی بە بارمتە گرت.
 
تەندروستیی غەززەش دەڵێت، 34 هەزار و 662 کەس کوژراون و 77 هەزار و 867 کەسیش برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە