تێروانینی رۆژئاوا بەرامبەر بە دەستەی تەحریری شام چۆنە؟

دوێنێ کاژێر 09:52
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سەروبەندی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە شەڕی نێوخۆی سووریا، گرووپێک بەهۆی ئایدۆلۆژیای تووندڕۆیی و کردە تووندووتیژەکانی سەرنجی زلهێزانی رۆژئاوای چووەتە سەر. 
 
دەستەی تەحریری شام، گرووپێکی چەکدارییە لە 28-01-2017 دامەزراوە. ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەکەیە. ئەبو جابر شێخ، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا و ئەبو عوبەیدە کەنسەفرە فەرماندەی باڵای چەکدارییەتی.
 
پێشتر ناوی گرووپەکە (بەرەی نوسرە) بوو کە سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو و لە ساڵی 2011 دامەزرا، بەڵام لە ساڵی 2017 جیابوونەوەی لە رێکخراوی قاعیدە راگەیاند و ناوی بۆ دەستەی تەحریری شام گۆڕی.
 
گرووپەکە 15 بۆ 30 هەزار ئەندامی هەیە و لە چەند لایەن و گرووپێکی دیکە دروستبووە، لەوانە؛ بەرەی فەتحی شام، سوپای ئەحرار، سوپای سوننە، لیوای حەق، بزووتنەوەی نورەدین زەنکی و بەرەی ئەنسارول دین.
 
دەستەی تەحریری شام پەیڕەوی ئایدۆلۆژیایەکی "سەلەفی و جیهادی" دەکات و سەرنجی لەسەر ئەوەیە "دەوڵەتێکی ئیسلامی" دابمەزرێنێت. گرووپەکە دژی حکومەتی سووریایە و دەیەوێت حکومەتی بەشار ئەسەد لابچێت؛ هەروەها دژی ئێران و رووسیایە.
 
دەستەی تەحریری شام بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە و رۆڵی لە "بڵاوکردنەوەی تووندڕۆیی و تیرۆر" لەلایەن هەریەکە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و رووسیاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە. 
 
ئەمریکا لە ساڵی 2018 دەستەی تەحریری شامی خستە لیستی ئەو رێکخراوانەی کە بە تیرۆریست ناساندوونی و لە راگەیێندراوێکدا دەستەکەی بە "گرووپێکی یاخیبووی ئیسلامیی سوننە" ناوبرد و ئەبو محەممەد جۆلانی سەرۆکی دەستەکەشی بە "تیرۆریستێکی جیهانی" ناوبرد. 
 
یەکێتیی ئەورووپاش لە ساڵی 2017ـەوە بەهۆی "ئەنجامدانی کردەی تووندووتیژی و پەیوەندی گرووپەکە بە رێکخراوی قاعیدە"، دەستەکەی بە گرووپێکی تیرۆریستی ناساند و لەوکاتەوە چەندین سزای خستووەتە سەر گرووپەکە. 
 
دەستەکە پێشتر بەشێکی پارێزگای ئیدلب، بەشێکی باکووری لازقییە، رۆژئاوای حەلەب و باکووری حەمای لە باکووری رۆژئاوای سووریا کۆنترۆڵ کردبوو. 
 
چوارشەممەی رابردوو، دەستەی تەحریری شام لە حەلەب هێرشیکردە سەر سوپای سووریا و جگە لە دوو گەڕەکی کوردی شارەکە، کە دووەم گەورەترین شاری سووریایە، زۆربەی پارێزگاکەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا دەرهێنا. 
 
کۆنترۆڵکردنی حەلەب لەلایەن دەستەی تەحریری شام، دوای ئەوە دێت کە سووریا بە پاڵپشتیی رووسیا چەندین ساڵ بوو پێگەی خۆی لەو ناوچەیە بەهێز کردبوو. 
 
بە گرتنی حەلەب، دەستەی تەحریری شام، ئەو خاکەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی دابوو، بۆ دوو هێندە زیاد کرد. 
 
جگە لە حەلەب، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام پێشڕەوییەکانیان بەرەو پارێزگای حەما لە نێوەڕاستی سووریا دەستپێکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە