رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
کۆبوونەوەی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر و محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری میسر سەردانی شانشینی عەرەبیی سعودیەی کرد و لە شاری جەددە لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. سەردانەکە لە کاتێکدایە کە قاهیرە رووبەڕووی دۆخێکی نالەباری ئابووری دەبێتەوە و دراوەکەی لە ماوەی ساڵێکدا نیوەی بەهاکەی لەدەستداوە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی سعودیە، محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر کۆبووەتەوە و "باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییە مێژووییە پتەوەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاسۆیەکانی پێکەوەکارکردنی هاوبەش و رێگەکانی بەهێزکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا" کردووە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، شانشینە دەوڵەمەندەکە بەردەوام یارمەتی میسری داوە، بەڵام کانوونی دووەمی ئەمساڵ، محەممەد جەدعان، وەزیری دارایی سعودیە رایگەیاند، وڵاتەکەی چیدیکە بێ مەرج یارمەتیی بە میسر نادات.
ئەو هەڵوێستەی سعودیە بۆ ماوەی چەندین هەفتە بووە هۆی مشتومڕی نێو رۆژنامەڤانانی هەردوو وڵات، بێ ئەوەی لەلایەن حکومەتەکانی هیچ لایەک روونکردنەوەی زیاتری لەسەر بدرێت.
سەرنووسەری رۆژنامەی فەرمیی میسر داوای لێبووردنی لە خەڵکی سعودیە کرد دوای ئەوەی کە ژمارەیەک بابەت لە رۆژنامەکەوە بڵاوکرانەوە، کە بوونە هۆی نیگەرانیی سعودییەکان.
بەرپرسێکی میسری پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، کە بەرپرسانی باڵای میسر هاتوونەتە سەرهێڵ بۆ ئەوەی کۆتایی بە مشتومڕە میدیاییەکە بێنن.
لە دوای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە 24ـی شوباتی ساڵی رابردوو، ئابووریی میسر زیانی گەورەی بەرکەوت، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەی میسر، کە وای لە سعودیە کرد مانگی ئادار پێنج ملیار دۆلار لە بانکی نێوەندیی میسر دابنێت.
سەردانەکە لە کاتێکدایە کە میسرییەکان چاوەڕێدەکەن بەهای جونەی میسری دابەزینێکی نوێ تۆمار بکات، کە ئێستا گەیشتووەتە 31 جونەی بەرامبەر هەر دۆلارێک.
هەروەها سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان وڵاتە بەهێزەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی عەرەبی لە مانگی ئایار لە سعودیە.
میدیای فەرمی سعودیە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکردەکانی هەردوولا "باسیان لە دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی" کردووە.
کەمتر لە مانگێک لەمەوبەر، رێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بە نێوەندگیریی چین راگەیێندرا، کە ماوەی حەوت ساڵ بوو لێکدابڕابوون.
هەروەها سعودیە رایگەیاندووە لەگەڵ سووریا لە گفتوگۆدایە بۆ بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییە کۆنسوڵگەرییەکانی نێوان هەردوولا، کە ماوەی نزیکەی 10 ساڵە سڕکراون.
قاهیرەش دوای 10 ساڵ جارێکی دیکە پێشوازیی لە وەزیرانی دەرەوەی سووریا و تورکیا کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ