رووداو-هەولێر
حوسییەکانی یەمەن لە شاری حودەیدەی رۆژئاوای وڵات نمایشێکی سەربازییان ئەنجامدا؛ ئەوەش نیگەرانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێکەوتەوە.
ئاژانسەکانی هەواڵ دیمەنی نمایشی سەربازیی حووسییەکانیان بڵاوکردەوە و میدیای حووسییەکانیش گوتی، هێزی ئاسمانی، دەریایی و سەدان سەرباز تێیدا بەشداربوون.
لە نمایشەکەدا چەکی وەکو تانک، مووشەک و درۆن نمایشکران؛ جگە لەوەش سەدان چەکدار بەشێوەیەکی رێکخراو ریزیان بەستبوو؛ دروشمەکانی "مردن بۆ ئەمریکا" و "مردن بۆ ئیسرائیل" هەڵواسرابوون.
نمایشەکە رەخنەی تووندی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدوایخۆیدا هێنا کە ئەرکی چاودێریکردنی ئەو رێککەوتنە لەئەستۆ دەگرێت لە ساڵی 2018 بۆ چەکداماڵینی بەندەرەکانی دەریای سوور لەنێوان حووسییەکان و حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە سوێد واژۆکرا.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە "زۆر نیگەرانە لەو نمایشە سەربازییەی لە شاری حودەیدە ئەنجامدرا" و گوتیشی، ئەوە پێشێلکردنی رێککەوتنی حودەیدەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان داواشی لە سەرکردایەتیی حووسییەکان کرد کە رێز لە پابەندییەکانیان لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە بگرن، "بەتایبەتی کاتێک دێتە سەر پاککردنەوەی شارەکە لە سیمای سەربازی".
شاری حودەیدە لە ساڵی 2014ـەوە لەژێر دەستی حووسییەکاندایە.
رێککەوتنی ساڵی 2018 لەدوای ئاگربەستی سەرتاسەری بەهێزبوو کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ چووە واری جێبەجێکردنەوە و لەو کاتەوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان و گەیشتنی سووتەمەنی بە شاری حودەیدە کە ماوەیەکی درێژ بوو لە چاوەڕوانییدا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ