رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان یەکێک لە باشترین جۆرەکانی هەنگوین بەرهەمدەهێنرێ. هەنگەوانانی دێرسیم لە ناوچە شاخاوییەکان و کوێستانەکانی سنووری شارۆچکەکانی خۆزات، پولوور، پلەموورییە و قسلە کە چەندین جۆر گوڵی سرووشتی لێ دەڕوێ، هەنگوین بەرهەم دەهێنن.
لەو ناوچانەدا کە نزیکەی دوو هەزار مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن، وەرزی بڕینەوەی هەنگوین دەستیپێکردووە.
لە پارێزگای دێرسیم 650 هەنگەوان لە 65 هەزار پوورە هەنگدا، هەنگوین بەرهەم دەهێنن. هەنگەوانانی ئەم پارێزگایە ساڵی 2019 بڕی 400 تۆن هەنگوینیان بەرهەمهێنا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی وەزریییەوە، چاوەڕوان دەکرێ 200 تۆن هەنگوین بەرهەمبهێنرێ.
هەنگەوانانی دێرسیم کە لە رێگەی فرۆشتنی ئەو هەنگوینە سروشتییەی بەرهەمی دەهێنن، بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، وێڕای ماندووبوونێکی زۆر داهاتێکی باشیان دەستناکەوێت، بۆیە داوادەکەن پاڵپشتی بکرێن تاوەکو بەرهەمەکانیان هەرزانفرۆش نەکرێ.
سەرۆکی یەکێتی هەنگەوانانی دێرسیم دەڵێ، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی هاجەتەپە دەریخستووە، هەنگوینی دێرسیم یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی هەنگوین لەسەر ئاستی تورکیا.
تورکیا یەکێکە لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان لە بەرهەمی هەنگویندا، بەتایبەتیش هەنگوینی سنۆبەر، بەتەنیا تورکیا 90%ی هەنگوینی سنۆبەری جیهان دابین دەکات.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، ساڵی رابردوو، لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 109 هەزار و 330 تۆن هەنگوین بەرهەمهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ