هونەر مزووری کۆچی دواییکرد

31-07-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هونەر مزووری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە 40 رۆژ لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێوارەی ئەمڕۆ هونەر مزووری، رۆژنامەڤان گیانی لەدەستدا.
 
موزەفەر مزووری، هاوەڵی رۆژنامەڤان هونەر مزووری لە نەخۆشخانە، کاژێر 6:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 31ی تەمموزی 2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر هونەر مزووری کۆچی دواییکرد."
 
رۆژی چوارشەممە 28ـی تەمموزی 2021، موزەفەر مزووری، لە نەخۆشخانەی ڤالیاوە لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،  "لە دوێنێ سێشەممەوە بارودۆخی تەندروستیی خراپە و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە گیانی زیادبووە، بۆیە لە ترسی ئەوەی رێژەکەی لە گیانی زیاتر نەبێت، لە دوێنێوە پزیشکەکان سڕیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو ماددەیە نەگاتە مێشکی و نەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک."
 
موزەفەر مزووری ئاماژەی بەوەشکرد، دوو سۆندەیان خستووەتە جەستەی هونەر مزوورییەوە، یەکێکیان تایبەتە بە ئۆکسجین و لە رێگەیەوە ئۆکسجین دەگەیێندرێتە سییەکانی، هەروەها سۆندەیەکی دیکەیان بۆ داناوە لە لووتییەوە رەوانەکراوە بۆ ئەوەی خواردنی پێبدرێت."
 
هونەر مزووری زیاتر لە 40 رۆژ بوو تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو و لە هەفتەی رابردووەوە دۆخی تەندروستیی تێکچوبوو.
 
ئەو رۆژنامەڤانە لەدایکبووی 1984ـە، لەچەندین دەزگای راگەیاندنی کوردستانی و بیانی کاریکردووە.
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەت لە راگەیێندراوێکدا نووسیویەتی "پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و سەرجەم رۆژنامەنووسان دەکەین، و لە خودای گەورە داواکارین بە بەهشتی بەرینی شاد بکات و دڵنەوایی بە کەسوکاری ببەخشێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە