رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئێران هێرشێکی بەربڵاوی میدیایی بۆ سەر بزووتنەوەی کورد و رێبەرانی دەستپێکردووە و هەوڵ دەدات راستییەکان بە لارێدا ببات.
ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بابەتێکی لەسەر بڵاوکردنەوەی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لە بارەی حیزب و سەرکردەکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: "ئێران لە مانگی رابردوودا هاوکات لەگەڵ بێڕێزیکردن بە کولتوور و زمانی کورد و رەشبگیرکردنی چالاکڤانانی مەدەنی، دەستی بە هێرشێکی میدیایی بەربڵاو کردووە بۆ سەر بزووتنەوەی کورد و رێبەرەکانی."
حدک دەڵێت، ئەو هێرشانە نیشانەی ترس و دڵەراوکێی کۆماری ئیسلامییە لە کورد و بزووتنەوەکەی و بەو هێرشە میدیاییانە دەیەوێت راستییەکان بشێوێنێت و تاوانەکانی خۆی لە کوردستان دابپۆشێت.
هەروەها حدک ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشە میدیاییەکانی ئێران کاریگەرییان لەسەر روانگەی خەڵک بەرامبەر بەو حیزبانە و بزووتنەوەی کورد نابێت.
شەوی هەینی لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییە حکومییەکانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشی یەکەمی فیلمێکی بەڵگەنامەیی بڵاوکرایەوە کە تێیدا هێرش کراوەتە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کورد، بە تایبەت حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و، د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، سەرکردەی تیرۆرکراوی حیزبی دیموکرات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ