رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی پارێزگای هەولێر هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ رێکخستنەوەی کاری رێستۆرانتەکان، قایمقامی هەولێر دەڵێت، هەر ریستۆرانتێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، نرخی گران بێت، پاک و خاوێنی رانەگرێت و بەتایبەت لیستی خواردنی کوردی نەبێت دادەخرێت.
لە چەند رۆژی رابردوو هەڵمەتەکانی لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر چڕتر کراونەتەوە و چەندین رێستۆرانت لە شاری هەولێر داخراون. نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆر مەبەستمانە خەڵک کە سەردانی رێستۆرانتەکان دەکەن، هەم خواردنێکی پاک بخۆن و هەم لە نرخ و کوالێتیی خواردنەکان رازی بن، بۆیە بەردەوام لیژنەکانمان چاودێریی خواردنگە و رێستۆرانتەکان دەکەن.
قایمقامی هەولێر جەختدەکاتەوە لە نووسینی ناوی خواردنەکان بە زمانی کوردی لە لیستی خواردنی رێستۆرانتەکان و دەڵێت، وەک قایمقامیەت، پاراستنی زمانی کوردی لای ئێمە زۆر گرنگە، بۆیە هەموو رێستۆرانتەکان پابەند دەکەین بە زمانی کوردی لە لیستی خواردنەکانیان و هەر رێستۆرانت و خواردنگەیەک پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت، دوای ئاگادارکردنەوە دادەخرێت.
بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، هەفتانە چەندین شوێن بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان دادەخرێن. لە هەفتەی رابردووش 7 بۆ 10 رێستۆرانت و خواردنەگەش بەهۆی پابەند نەبوون بە پاک و خاوێنی، لیستی خواردن بە زمانی کوردی و نەبوونی مۆڵەت و هۆکارەکانی دیکە داخراون.
شەوی27-1-2021 پشکنین و بەدواداچوون بۆ (12) رێستۆرانت و کافتریا کراوە. قایمقامیەتی هەولێر رایگەیاند، بەھۆی نەبوونی مۆڵەت و کارکردن بە پێچەوانەی مەرج و رێنماییەکان و ھەبوونی خواردنی ناتەندروست و کاڵاوشتوومەکی ماوەبەسەرچوو 4شوێن داخران، ئەو شوێنانەی سەرپێچییان هەبوو تۆمارکراون، بەپێی یاسا کاردانەوە بەرامبەر خاوەنەکانیان دەکرێت.
دوو لەو شوێنانەی داخراون لە رێستۆرانتە بەناوبانگەکانی هەولێرن لە نزیک گوندی ئینگلیزی و ئیمپایەرن. نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر دەڵێت، لای ئێمە گرنگ نییە رێستۆرانتەکان لەکوێن و هی کێن، ئەوەی گرنگە پابەندبوونە بە رێنماییەکان و هەر شوێنێکیش پابەند نەبێت دادەخرێت.
هەروەها جگە لە داخستنی شوێنەکان، سەرپێچیکاران سزای پێبژاردنیان بۆ دەکرێت ، ئەوەش بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە کە ئاراستەی قایمقامیەتی هەولێر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ