رووداو دیجیتاڵ
لە نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک منداڵێک گیانی لەدەستدا، پۆلیسی نەخۆشخانەکە دەڵێت: رۆژێکە براوەتە نەخۆشخانەکە و "ئەشکەنجە دراوە."
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو منداڵە تەمەنی 10 ساڵانە و کوڕە. ئەو منداڵە لای مام و مامۆژنێکی دەژیا، دوێنێ مامی بۆ نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووکی بردووە. گوایە لەگەڵ کچەمامەکەی یاری کردووە و پاڵی ناوە و سەری ئازاری پێگەیشتووە."
باوکی منداڵەکە لەسەر تاوانێک بڕیاری زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە. دایکیشی لە باوکی جیابووەتەوە و لەلای مام و مامۆژنی دەژیا.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی نەخۆشخانە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دوای ئەوەی پشکنین بۆ منداڵەکە کراوە، ئاسەواری ئەشکەنجە بە لەشییەوە دەرکەوتووە، بۆیە پۆلیس "دەستبەجێ مامەکەی دەستگیر کرد."
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە نەخۆشخانەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، دوای پشکنینە سەرەتاییەکان، پشکنینێکی وردتر بۆ منداڵەکە کراوە و جەستەی رووتکراوەتەوە، "دەرکەوتووە ئاسەواری لێدان و سووتاون بە جەستەیەوە دیارە."
بە گوتەی سەرچاوەکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی کۆماری، "منداڵەکە شوێنی هەستیاری سووتێندراوە، وەک گونی و کۆمی."
شەوی رابردوو منداڵەکە براوەتە بەشی چاودێریی چڕ، لەوێ زیاتر لە شەش جار دڵی وەستاوە و پزیشکەکان لە رێگەی ئامێرەوە لێدانیان بۆ گەڕاندووەتەوە. ئەمڕۆ کاژێر 10:00ـی بەیانی دووبارە تەندروستی تێکچووەتەوە و نەتواندراوە رزگار بکرێ و گیانی لەدەستداوە.
هاوکات د. مەنناع ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "هەرچی رێکار هەبوو گرتمانەبەر. منداڵەکە دڵی لاواز بوو، لەگەڵ ئەوەی ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار بوو، تووشی خوێنبەربوونی مێشکیش ببوو، بۆیە نەمانتوانی رزگاری بکەین."
ئێستا دوو مامی منداڵەکە دەستگیرکراون، یەکێکیان ئەوەیە کە بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە، یەکێکی دیکەیان بۆ سۆراخی چووە. پۆلیس لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ