رووداو دیجیتاڵ
ئەردەڵان حمەباقی 20 ساڵە راوچییە و لەنێو بەنداوی دەربەندیخان راوە ماسی دەکات، ئەو بۆ ماوەی دوو رۆژ تۆڕی ماسیگرتنەکەی لەنێو بەنداوەکە داناوە، بەڵام هەرچەندە تۆڕەکەی بەرزدەکاتەوە، زیاتر بێ هیوا دەبێت.
تۆڕی ماسییەکەی ئەردەڵان درێژییەکەی 100 مەترە، بە درێژایی ئەو 100 مەترە هەرچەندە هەڵی دەگرێتەوە، ماسییەک نابینێت. بۆیە دەستکەوتی ئەو رۆژەی یەکسان بوو بە سفر.
هۆکارێکی کەمبوونەوەی ماسی لە بەنداوەکە بە گوتەی ئەو راوچییانەی قسەیان بۆ کردم ئەوەیە کە ماوەی چوار ساڵە پەنجەماسی نەخراوەتە نێو ئاوی بەنداوەکەوە کە 150 راوچی بژێویی خۆیان و خێزانەکانیان لەسەر راوەماسی لەو بەنداوە دابین دەکەن.
دارا عەبدولقادر، راوچییە و دەڵێت، پێشتر باش بوو و راوچیش زۆرتر بوون، بەڵام ئێستا ئەوەی راوی دەکەین بایی پارەی ئەو بەنزینە نییە کە دەیسووتێنین بۆ ئەوەی بگەینە سەر بەنداوەکە.
بەشێک لە راوچییەکان دوای ئەوەی بێهیوا دەبن لە تۆڕەکانیان، پەنا دەبەنە بەر راوەماسی لە رێگەی قولاپەوە.
پێنج ساڵە دوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی پەنجەماسی لە پارێزگای سلێمانی وەستاون و پێویستیان بە 80 ملیۆن دینارە بۆ کاراکردنەوەیان کە هەردوو پڕۆژەکە پێشووتر ساڵانە زیاتر لە 120 هەزار پەنجەماسییان بەرهەم دەهێنا.
توانا ئیسماعیل، ئەندازیاری كشتوكاڵییە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەشی ئاژەڵداری لە کشتوکاڵی سلێمانی و دەڵێت، لەوەتەی هۆبەی سامانی ماسی هەیە یەک جار پەنجەماسیمان خستووەتە بەنداوی دەربەندیخانەوە.
بەپێی ستانداردی وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ هەر دۆنمێک زەوی 1000 ماسی پێویستە، بەڵام بەنداوی دەربەندیخان ساڵانە بەشی پێویست پەنجەماسی تێ ناکرێت و سامانی ماسیش لە بەنداوەکە بەرەو لەناوچوون دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ