لە دهۆک 9 بەربژێر بەهۆی سەرپێچییەوە سزادران

30-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، 9 بەربژێر بەهۆی سەرپێچیکردن سزا دراون و 41 تیمی چاودێری بە بەردەوامی بە سنوورەکەدا دەگەڕێن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئەیلوولی 2024 خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی دوێنێمان لەگەڵ لیژنەی ئەمنی، بڕیاری سزادانی 9 بەربژێر درا، بەهۆی ئەوەی لە شوێنی رێگەپێنەدراو پۆستەرەکانیان دانابوو، دواتر بڕیارەکەمان بە شێوەی راپۆرت رەوانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد بۆ جێبەجێکردنی."
 
گوتیشی، "ئەو 9 بەربژێرە پێشتر مۆڵەتی سێ رۆژیان پێدرابوو، کە پۆستەرەکانیان بگوازنەوە و لە شوێنی رێگەپێدراو دایبنێن، بەڵام رێنوێنییەکەیان جێبەجێ نەکرد، بۆیە سزادران، سزاکەشیان بە پێبژاردن دەبێت، کە بڕەکەی لە 250 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات."
 
خالید عەباس دەڵێت، "41 تیمی چاودێری و بەدواداچوونی کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانیی دهۆک، رۆژانە بەنێو پارێزگاکەدا دەگەڕێن و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن، هەر حیزب و بەربژێرێک سەرپێچیی رێنوێنییەکان بکات مۆڵەتی سێ رۆژی پێدەدرێت بۆ لادانی، ئەگەر لاینەدات بە پێبژاردنی 250 هەزار دینار یان زیاتر سزا دەدرێت، خۆ ئەگەر سەرپێچییەکە دووبارە بکاتەوە سزاکەی تووندتر دەبێت."
 
بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەش کرد، "چەندین بەربژێر و حیزبی دیکە هەبوون کە سەرپێچییان کردووە، بەڵام کە ئاگادار کراونەتەوە پێش تەواو بوونی مۆڵەتەکانیان، پۆستەرەکانیان بۆ شوێنی رێگەپێدراو گواستووەتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن داواشی لە هاونیشتمانییانی سنووری پارێزگای دهۆک کرد، "لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک، ئۆفیسەکەیان ئاگادار بکەنەوە، بۆئەوەی بتوانن بە کەمترین ماوە کۆتایی بە سەرجەم سەرپێچییەکان بهێنن."
 
تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە، بە گوتەی نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمیسیۆن هیچ حیزب و لایەنێکی لەسەر سەرپێچییەکان سزا نەداوە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:
 
- بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.
 
- بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.
 
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل.
 
سزاکانیش بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن؛ پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێن؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئەو دوو منداڵەی لە رووداوەکە گیانیان لەدەستدا

ئەو دوو منداڵەی لە ئاگرکەوتنەوەکەی سلێمانی گیانیان لەدەستدا چییان بە باوکیان گوت؟

دوو منداڵ کە خوشکی یەکدی بوون، بەرەبەیانی یەکەم رۆژی ساڵی نوێ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەیان بە دووکەڵی ئاگرەکە خنکان؛ ژووری نووستنی منداڵەکان ئەوەندەی دووکەڵ رەشی کردووە، ئەوەندە ئاگر نەیسووتاندووە