رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبووانە؛ 'رۆژێک لە دەرگە دەدات و دەگەڕێتەوە'

30-08-2024
هەڵەبجە سەعدوون
وێنەی چەند کەسێک کە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بێسەروشوێن بوون. وێنە: Amnesty International
وێنەی چەند کەسێک کە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بێسەروشوێن بوون. وێنە: Amnesty International
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبووانە. رۆژەکە بۆ بیرهێنانەوەی بێسەروشوێنبووەکانە کە لە دۆخێکی نالەباردا بەهۆکاری جیاواز بێسەروشوێن دەبن. لەو رۆژەدا، رووداو بەدواداچوونی بۆ چەند کەیسێک کردووە کە بەهۆی شەڕەوە بێسەروشوێن بوون.
 
ریهام خشۆ 12 ساڵە هیچ سۆراخێکی برا بچووکەکەی نازانێت. سامری برای لە کۆتایی مانگی ئابی 2012 لەلایەن حکومەتی سووریاوە لە پایتەختی وڵاتەکە دەستبەسەر کرا. 
 
سامر خشۆ، خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە، لەدایکبووی ساڵی 1977ـە و باوکی سێ منداڵە. لەدوای دوازدە ساڵ، هێشتا ماڵباتەکەی لە دەرکەوتنەوەی بێهیوا نەبوون. دوایین جار زانیویانە کە لە زیندانێکی سووریادا گیراوە. 
 
ریهام خشۆ، خوشکی سامرە و دەڵێت:  "پێیان گوتم کە سێ رۆژە سامر دیار نییە. منیش گوتم دیارە سەردانی هاوڕێکانی کردووە. چوومە لای هاوڕێیەکی لە قوتابخانە. دواتر بەدواداچوونمان کرد. دواجار دانپێدانی کرد کە راپۆرتی لەسەر کردووە. بۆ ئەوکات لەسەر راپۆرتێک 50 هەزار لیرەی سووری وەردەگیرا. زۆر بەدواداچوونمان کرد و پرسیمان. ئەوکات هێشتا لە سەیدە زەینەب بوو. بەڵام هیچ ئەنجامێکمان دەستنەکەوت. هەگیز بێهیوا نەبووین و تاوەکو ئێستاش پێمانوایە رۆژێک لە دەرگە دەدات و دێتە ژوورەوە. یاخود پەیوەندیی دەکات و دەڵێت، وا دەگەڕێمەوە." 
 
فەرهادی خەڵکی کۆبانێش پێنج لە کەسوکارەکەی بێسەروشوێنن، بەڵام لەسەر دەستی حکومەتی سووریا نا، بەڵکو لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە گیراون. دووانیان تەمەنیان 20 ساڵ بوو. تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەسەریان نازانن. 
 
فەرهاد دەروێش، کەسوکاری بێسەروشوێنبووەکان بە رووداوی گوت: "یەکێکیان برامە و ئەوی دیکەشیان کوڕی پوورمە. ئەوانی دیکەش لە ئامۆزای باوکم و دایکمن. لەسەر رێی هاتنیان بۆ کوردستان لەلایەن داعشەوە گیران. تائێستاش بێسەروشوێنن. لەگەڵ هەر خێزانێک قسە بکەیت کەسێکی بێسەروشوێنبوویان تێدایە. دەڵێن، بەدەستی خۆمان بییاننێژین لەوە خۆشترە کە هەر لە دڵەڕاوکێی مان و نەمانیاندا بین. بەهیوا زۆر قورسە. [چاوەڕوانی] خۆی لەخۆیدا مردنێکە."
 
فەرهاد و نزیکەی 200 خێزانی دیکە، رۆژانە سەردانی رێکخراوی هیتما دەکەن بۆ ئەوەی شتێک لەسەر کەسوکاریان بزانن. رێکخراوەکە بۆ گەشەپێدانی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2019ـەوە لە هەرێمی کوردستان بەدواداچوون لەسەر ئەم کەیسانە دەکات. دەڵێت، هەموو کەیسەکان پیاون و تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 50 ساڵیدایە. 
 
محەممەد شەریف محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخراوەکەیە و دەڵێت: "لە دەرەوەی ئەو کارەی لە ئێمە داوا دەکرێت، کار لەسەر دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ کەسوکاری بێسەروشوێنبووان دەکەین. لەبەر ئەوەی کەسی بێسەروشوێنبوو بەتەنیا نییە، بەڵکو خێزانەکەی هەمووی وەکو بێسەروشوێنبوو وان، بەتایبەتیش منداڵەکانیان. ئەوانەی ناویان لەلای ئێمە تۆمار کراوە، نزیکەی 600 کەسن."
 
ریهام و فەرهاد دوو نموونە کەسوکاری نزیکەی 150 هەزار کەسی دیکەن کە لە شەڕی سووریا دا بێسەروشوێن بوونە. 
 
بێسەروشوێنبوون؛ هۆکار و لێکەوتەکانی 
 
هۆکارەکانی بێسەروشوێنبوون زۆرن، دیارترینیان شەڕ و جەنگە؛ لە هەرێمی کوردستان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێسەروشوێنبوون، شەڕە. دوایین شەڕ کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە شەڕی داعش بوو کە ژمارەیەکی زۆری بێسەروشوێنبووەکان لە پاش خۆی بەجێهێشت. 
 
بە گوێرەی ئامارەکان، لە کاتی هێرشەکەی داعشدا، 6,417 کەس رفێندراون، کە 3,548 ژن و 2,869 پیاو بوون، دوای هەوڵێکی زۆر 3,576 رفێندراو رزگارکراون کە 1,208 ژن و 339 پیاو و منداڵی کۆچ 1,070 و منداڵی کور 959 بوون. واتە، تاوەکو ئێستا چارەنووسی 2,841 کەس نادیارە. 
 
بە پێی قسەکانی حوسێن قائیدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 38 گۆڕی ب کۆمەڵ نەکراونەتەوە، بۆیە دیار نییە ئەوانەی کە رفێندراون لە ژیاندا ماون یان مردوون.
 
لە رۆژهەلاتی ناوەراست، شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە. بە پێی رێکخراوی Save the Children زیاتر لە 20 هەزار منداڵ لە ئەنجامی شەڕەکە بێسەروشوێن بوون. 
 
بازرگانیکردن بە مرۆڤ، دیوێکی شاراوەی بابەتەکەیە. لە راپۆرتێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کاردا کە لە ساڵی 2023 بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بڵاوکراوەتەوە، مەزەندەی کردووە کە 27 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا بوونەتە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و بەشی هەرە زۆریان بێسەروشوێنبوون و کەسوکارییان ئاگاداری بارودۆخیان نین. 
 
بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ساڵانە لە نێوان 500 بۆ 750 کەس بەهۆی کۆچەوە لە رێگە جیاکانی کۆچبەریدا و بە تایبەتی لە دەریاکاندا بێسەروشوێن دەبن، ئەگەر چی پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک و دیارنەمانیان لەلایەن خێزانەکانییان وەکو مردوو دادەنرێت، بەڵام لەناو ئامارەکاندا وەکو کەسی بێسەروشوێنبوو تومار دەکرێن. 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.