رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی نێوان کەلار-خانەقین سێ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی نێوان کەلار-خانەقین رووداوێکی هاتووچۆی جۆری پێکدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی نیسان سێنترا و شێڤرۆلێت ئۆپترا روویدا و لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا."
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت: "سەرەتا یەکێک لە سەرنشینەکان گیانی لەدەستدا و سێ سەرنشینی دیکە برینداربوون، بەڵام دوو لە سەرنشینە بریندارەکان دوای ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە قەزای کەلار کران، کەمێک لەمەوپێش بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا."
رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار بە رووداوی گوت،"زیاتر لە نیو کاژێر کارمەندانی نەخۆشخانەکەمان هەوڵی تەواویان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی تەندروستیی بریندارەکان دا، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان رەوانەی دادپزیشکی کران."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان، "دوو لەوانەی گیانیان لەدەستداوە سەرنشینی ئۆتۆمبێلی جۆری سێنتراکە بوون و ئەوی دیکەش شۆفێری ئۆپتراکە بووە."
هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لەلایەن تیمی هاتووچۆ بە مەبەستی زانینی هۆکار و چۆنیەتی روودانی دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ