رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە بەرنامەی (بێستوون تۆک)ی تۆڕی میدیایی رووداو.
رۆژی یەکشەممە، 24-11-2024، باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق خەڵاتی رێزلێنانی بە بەرنامەی (بێستوون تۆک)ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەخشی.
بێستوون عوسمان کە پێشکێشکاری بەرنامەکەیە گوتی: "نزیکەی ساڵ و نیوێکە باڵیۆزخانەی ژاپۆن چاودێریی هەموو ئەو چالاکییانە دەکات کە تۆڕی میدیایی رووداو بۆ گەنجان دەیانکات. باڵیۆزخانەکە ئاگاداری ئەوەن کە چۆن گەنجان لە کاتی بەشداریکردنیان لە بەرنامەکەدا دەستپێشخەری دەکەن."
ماتسومۆتۆ فۆتوشى لە رێگەی رووداوەوە ماڵئاوایی کرد و گوتی: "خواتان لەگەڵ کوردستان و عێراق."
خەڵاتی رێزلێنانەکە بە هاوبەشیی باڵیۆزخانەی ژاپۆن و گرووپی سەردار بەخشرایە رووداو، کە سپۆنسەری بەرنامەی بێستوون تۆکە.
بێستوون تۆک بەرنامەیەکی تۆڕی میدیایی رووداوە کە لە ئایاری ساڵی 2023 دەستی پێکرد.
بەرنامەکە سەکۆیەکی ئازادە کە تێیدا گەنجان راشکاوانە پرسیارە نەکراوەکان لە بەرپرسان دەکەن و راستەوخۆ وردەکارییەکانی دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە لە زاری بەرپرسانەوە دەبیستن.
تاوەکو ئێستا چەندین بەرپرسی باڵا میوانی (بێستوون تۆک) بوون، لەوانەش فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ جێنین پلاسخارت، نێردەی پێشووی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک میوانی دوایین بەرنامەی (بێستوون تۆک) بوو کە هەفتەی رابردوو پەخشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ