دۆسیەى 1250 موختاری نەینەوا یەکلایی دەکرێتەوە

30-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا 15 رۆژ دەداتە حکومەتى خۆجێیی بۆ یەکلاکردنەوەى دۆسیەى زیاتر لە 1250 موختار، هەندێکیان گرێبەستیان بۆ نوێ دەکرێتەوە و هەندێک ناوچەش موختارى نوێى بۆ دادەنرێت.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دۆسیەى 1250 موختارى نەینەوا یەکلا نەبووەتەوە و لە دواین کۆبوونەوەى ئەنجوومەن نوێنەرى پارێزگار دۆسیەى 200 موختارى رادەست کردوون."
 
موختاری هەندێک گەڕەک و ناوچەی نەینەوا، لە کاتى دەسەڵاتى رێکخراوى داعش کوژراون یان کۆچى دواییان کردووە، هەندێکى دیکەیان گرێبەستەکانیان تەواو بووە. محەممەد کاکەیی گوتى: "ئەگەر گرێبەستیان بۆ نوێ نەکرێتەوە مووچەیان پێنادرێ کە مانگانە 250 هەزار دینارە."
 
موختار، ئەرکی چاودێرى دۆخى ئەمنى و هاوکاریکردنە لە بەڕێوەبردنى ناوچەکانیان، دەبێت تەمەنى لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت و هەرجارێک هەڵبژێردرا بۆ ماوەى چوار ساڵ لە ئەرکدا دەبێت.
 
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەى 25ى تەممووزى ئەنجوومەن، ماوەى 15 رۆژ وەک دەرفەت درا بە حکومەت تاوەکو دۆسیەى سەرجەم موختارەکان ئامادە بکات."
 
هەموارى یاساى موختارەکان لە پەرلەمانى عێراقە، ئەگەر پەسند بکرێت مووچەکانیان بۆ دوو ئەوەندە زیاد دەکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە