ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەبارەی لامەرکەزی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە

30-06-2021
بەهرۆز فەرەیدوون
کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکان
کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکان
نیشانەکردن لامەرکەزی
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

جارێکی دیکە پرسی لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هێنرایەوە بەرباس، وەکو دەگوترێت، پرسەکە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکە، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەم لامەرکەزیەتە کارگێڕی و داراییەی باسدەکرێت، چۆن کاریگەریی لەسەر ژیان دروستدەکات.
 
رزگا حەسیب، کارمەندی کەرتی تایبەت دەڵێت "پێویستە عەدالەت هەبێت، ئەگەر عەدالەت نەبێت و هەر پارێزگایەکیش لامەرکەزیەتی کارگێڕی و داراییشی هەبێت، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە".
 
کاسبکارێکیش بەناوی کاوە جەمال باس لەوە دەکات "ئەوەی بەرپرسبێت یان بەرپرس نەبێت قسەی راست ناکات، ئەگەر ئینسانەکان قسەی راست بکەن هەم قیامەتیان دەبێت هەم دنیا، ئەگەر بەرپرسەکان راست بکەن، لامەرکەزیەتی ئیداری هەبێت باشترە".
 
پێشتر بابەتی لامەرکەزی، هەر باس و بابەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بوو، بەڵام ئەوەتا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی پێکەوە چوونە لای سەرۆکی پەرلەمان، ئەوان جگە لە لامەرکەزی، باسی هەندێک بڕگە و ماددەی یاساییش دەکەن کە لەگەڵ هەندێک بڕیار و رێنوێنیی وەزارەتەکان یەکناگرێتەوە.
 
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت "هەر بڕیارێک وەزارەتێک دەریبکات، یان ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەگەر مەبەست لێی خزمەتکردنی خەڵک بێت، دەبێت ئاسانکاری بکرێت، هەربۆیە دابەزاندنی دەسەڵات چارەسەرە بۆ زۆر گرفت و ناچوونیەکی دروستنابێت لەنێوان وەزارەتەکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان".
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند "ئەو رێنوێنییانەی وەزیرەکان دەریدەکەن بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە، رەنگە لە پارێزگای سلێمانی یان قەزای چەمچەماڵ یان زاخۆ جێبەجێ نەکرێت، یان بڕیارێک بۆ هەولێرە بەڵام لە قەزای شەقڵاوە جێبەجێ نەکرێت، هەربۆیە ئەگەر بڕیارەکان لە ئاستی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بێت و بەپێی یاسا، ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتی دەرکردنی رێنوێنییەکانیان هەیە".
 
کۆبوونەوەیەکی دوو کاژێر و نیوی لەنێوان سەرۆکی پەرلەمان و سێ سەرۆک ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکەش، دڵخۆش و رازی دیاربوون.
 
ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی "بەڵێ بە هەموو شێوەیەک پشتیوان بوون بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتی کارگێڕی و دارایی، پشتیوان بوون بۆئەوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە ئەنجوومەنەکانەوە پەسند بکرێت، پشتیوان بوون هەماهەنگیی تەواو لەنێوان ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت".
 
لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، لامەرکەزیی کارگێڕی هاتووە. هەرچەند بەهۆی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2013وە دەسەڵاتەکانیان تاڕاددەیەک سنووردار کراوە، بەڵام ئێستا سلێمانی، جگە لە لامەرکەزیی کارگێڕی، داوای لامەرکەزیی داراییش دەکات، پرسێک کە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا نەهاتووە و تەنیا جەخت لەسەر لامەرکەزیی کارگێڕی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت وەڵامی زاوایەکی سەدام حوسێن دەداتەوە

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کەسێک بەناوی جەمال مستەفا تکریتی رەتدەکاتەوە، کە "لێدوانی ناڕاست"ـی بەناوی مەسرور بارزانییەوە بڵاوکردووەتەوە.