گوتەبێژی کۆمیسیۆن: تاوەکو 18ـی 5 لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن، گرفت بۆ هەڵبژاردن دروستدەبێت

30-04-2023
پەیمان محەممەد
کارمەندێکی کۆمیسیۆن رێنوێنیی دەنگدەرێک دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کارمەندێکی کۆمیسیۆن رێنوێنیی دەنگدەرێک دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هیچ رێگرییەک جگە لە "رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان" و ''بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی'' نەماوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر تاوەکو 18ـی مانگی داهاتوو لایەنەکان رێکنەکەون، گرفت بۆ هەڵبژاردن دروست دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 30-04-2023، شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، هیچ رێگرییەک لە بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەماوە، "جگە لە رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی''.
 
بڕیار بوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەیی، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، بەڵام بەر لەوەی هەڵبژاردن بکرێت، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش بە کاراکردنەوە.
 
شێروان زرار گوتی: "ئەگەر تاوەکو 18ـی مانگی داهاتوو، لایەنە سیاسییەکان نەگەنە رێککەوتن، رەنگە گرفت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دروست بێت. بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیش دەبێ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بدرێتە کۆمیسیۆن."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەفتەی رابردوو بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئەوان ئامادەن هەر بودجە و تێچوویەک بۆ هەڵبژاردن پێویست بێت جێبەجێی بکەن.
 
بەگوتەی شێروان زرار، لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستا، دەسەڵاتی پێبدرێت بۆ ئەوەی بە حوکمی ئەزموون و شارەزاییەکەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بکات و پاشان ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیاران هەڵبژێردرێت.
 
تەنیا خاڵی ناکۆکی بەردەم هەڵبژاردن کورسیی کۆتاکانە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا دەکات پێكهاتەکان بە فرەبازنەیی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن و لە 11 کورسییەکەیان چواریان بۆ پارێزگای سلێمانی بێت (دوو بۆ تورکمان و دوو بۆ کریستیانەکان).
 
ئەوە لەکاتێکدایە، پێکهاتەکان دەڵێن، نابێت دەستکاریی 11 کورسییەکەیان بکرێت و بەیەک بازنەش بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەگەر کورسی بۆ پارێزگای سلێمانیش زیاد بکرێت، دەبێ لەدەرەوەی ئەو 11 کورسییە بێت و ژمارەی کورسییەکانیان زیادبکرێت.
 
جگە لە کورسیی کۆتاکان، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش یەکێک لە لەمپەرەکانی بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە، گوتەبێژی کۆمیسیۆن لەوبارەوە دەڵێت: ''رێگرییەک بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن نابینم جگە لە نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز لە مەسەلەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان.''
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ هەڵبژاردن دەسەڵات و بڕیاردەری یەکەمە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: ''تاوەکو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە دەسەڵاتی تەواوەوە کارا نەکرێتەوە، ناتوانرێت هیچ پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت.''
 
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.
 
10ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو سکاڵا لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، تاێستا چەند جارێک بڕیاری کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دراوە، بەڵام یەکلانەکراوەتەوە و بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو دووبارە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر ئەو بابەتە کۆببێتەوە.
 
سکاڵاکە لەلایەن هەریەک لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ؛ یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان؛ سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە. 
 
وەک شێروان زرار دەڵێت، دەبێ پێش دانیشتنی داهاتووی دادگەی فیدراڵی لەسەر ئەم بابەتە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان رێکبکەون و بەرژەوەندیی نیشتمانی لە پێش ''بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی'' دابنێن، ''چونکە دادگەی فیدراڵی بڕیارەکەی مولزەمە و گرفت بۆ کاراکردنەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و پەرلەمانی کوردستانیش دروست دەبێت.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە