رووداو دیجیتاڵ
چوارە رۆژە بەهۆی خەرج نەکردنی کرێی هاتووچۆ و پێنەدانی خواردن کارمەند و شۆفێرانی ئەمبوڵانسی تەندروستیی گەرمیان مانیانگرتووە.
لە کاتی گواستنەوەی هەر نەخۆشێک بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی هەر یەکێک لە کارمەند و شۆفێر بڕی 30 هەزار دینار بۆ خەرجی هاتووچۆیان پێدەدرێت، ئەوە 10 مانگە پارەکەیان بۆ خەرج نەکراوە.
حوسێن رەزاکەریم، کارمەندی تەندروستی لە فریاکەوتنی خێرای کەلار دەڵێت: بۆ نزیکەی 10 مانگ دەبێت ئەو بڕە پارەیەمان بۆ خەرج نەکراوە کە سادەترین مافی ئێمە ئەوەیە، پارەی نانخواردنمان بۆ خەرج بکەن، هیچی دیکەمان ناوێت.
هونەر محەممەد، کارمەندی تەندروستی لە فریاکەوتنی خێرای کەلار گوتی: کارمەندان و بەتایبەتی شۆفێرەکان، لەبەر ئەوەی بڕە مووچەیەکی کەمیان هەیە رۆژانە نەخۆش دەگوازنەوە بۆ سلێمانی دەبێت ئەو بڕە مووچەیەی وەریدەگرن، بیکەنە خەرجی رێگەکەیان.
تەنها لە ماوەی چوار رۆژی مانگرتنی کارمەندانی بەشی ئەمبوڵانس 12 نەخۆش بە ئەمبوڵانسی تایبەت براونەتەوە سلێمانی. کۆی ئەو پارەیەی بەشی کردە پزیشکییەکان لە گەرمیان پێویستیانە بۆ مانگێک لە نێوان پێنج بۆ حەوت ملیۆن دینارە.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری بەشی کردە پزیشکییەکانی گەرمیان بە رووداوی گوت: لەسەرەتای ساڵی تازەوە تائێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ خەرجی بۆ سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان لەلایەن بانکەوە خەرج نەکراوە بەناوی ئەوەی کە پارەی نەختینە لەبەردەستدا نییە.
کرێی گواستنەوەی نەخۆش لەنێو شاری کەلار بە ئەمبوڵانسی تایبەت لە نێوان 40 بۆ 65 هەزار دینارە و گواستنەوەی نەخۆش بۆ سلێمانی لە نێوان 250 بۆ 300 هەزارە دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ