لویس ساکۆ داوای گۆڕینی پرۆگرامەکانی وانەی ئایینی دەکات

23-04-2025
نەهرۆ محەممەد
ڤیدیۆکە: گوتاری لویس ساکۆ لە رێوڕەسمی نزای نیشتمانی
ڤیدیۆکە: گوتاری لویس ساکۆ لە رێوڕەسمی نزای نیشتمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نیسانی 2025 لە چالاکییەکانی "رۆژی نزای نیشتمانی" لە هەولێر، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان داوای پێداچوونەوەی بە پرۆگرامەکانی خوێندنی ئایینی کرد، جەختی لەوە کردەوە، کێشە لە خودی ئایینەکاندا نییە، بەڵکو لە بەکارهێنانیاندایە بۆ مەرامی سیاسی و ئابووری. هاوکات ستایشی هەڵوێستی سەرۆک بارزانیی کرد بەرامبەر کریستیانەکان لەکاتی هێرشی داعشدا.

لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی "رۆژی نزای نیشتمانی،" کە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نزیکەی 600 کەسایەتیی باڵای هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ دەخایێنێت؛ کاردیناڵ لویس روفائیل ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان رایگەیاند، "کێشە لە ئایینەکاندا نییە، بەڵکو لە سوودوەرگرتنە لە ئایین بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری."

لەو چوارچێوەیەدا لویس ساکۆ پێشنیازی کرد، "پرۆگرامەکانی خوێندنی ئایینی بگۆڕدرێن، بە شێوەیەک لەگەڵ رۆشنبیریی ئێستا گونجاوبێت و پارێزگاری لە پەیامی رەسەنی ئایینی بکات، لە رێگەی پەیڕەوکردنی میانڕەوییەوە." هەروەها گوتی، "ئوسوڵییەت (تووندڕەوی) رەسەنایەتی نییە، خودا ئێمەی دروستکردووە بۆئەوەی وەکو خوشک و برا بە ئاشتی و خۆشی بژین، نەک شەڕکردن."

کاردیناڵ ساکۆ ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە حەواندنەوەی هەزاران ئاوارەی کریستیان، پێکهاتەکانی دیکەی موسڵ و دەشتی نەینەوا لەدوای هێرشەکانی داعش و گوتی، "لە یادمان ناچێت کە هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هەزاران ئاوارە کرد."

هاوکات ئاماژەی بە سەردانێکی سەرۆک مەسعود بارزانی و فرانسوا هۆلاند، سەرۆککۆماری ئەوکاتی فەرەنسا کرد بۆ لای ئاوارەکان لە هۆڵی مار یوسف لە عەنکاوە و گوتی، "ئەو گوتەیەی بەڕێز سەرۆک بارزانی کە هانی داین و فەرمووی: مەترسن، مردن و ژیانمان پێکەوەیە. تاوەکو ئێستاش لەنێو دڵ و دەروونی من و هەموو کریستیانەکاندا نەخشێندراوە."

پاتریارکی کلدانەکان جەختی لە پێویستیی ئاشتی کردەوە، بەتایبەت لە ناوچەکەدا کە "گڕی گرتووە و زۆر گەل بەدەست تاڵاوی جەنگ و ململانێوە دەناڵێنن."

هەروەها یادی قەداسەتی پاپا فرانسیسی کۆچکردووی کردەوە و بە "کەسایەتییەکی گرنگ و باڵای مرۆڤایەتی و رۆحی نایاب" وەسفی کرد، کە جیهان لەدەستی داوە. ئاماژەی بە رۆڵی پاپا کرد لە قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، بەهێزکردنی برایەتی، دیالۆگی نێوان ئایینەکان و دوورکەوتنەوە لە جەنگ، بەتایبەت ئاماژەیدا بە واژۆکردنی "بەڵگەنامەی برایەتی مرۆڤایەتی" لەگەڵ شێخی ئەزهەر لە ئەبوزەبی لە ساڵی 2019.

لویس ساکۆ گرنگی سەردانە مێژووییەکەی پاپا فرانسیسی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە 5-8ی ئاداری 2021 دووپاتکردەوە و گوتی، ئەو سەردانە جەختی لە بەردەوامی رۆڵی ئایینەکان کردەوە لە بنیادنانی پردەکان، بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن و کاری بێوچان بۆ ئاشتی. پاتریارک ساکۆ کۆتا دیداری لەگەڵ پاپا فرانسیس بیرهێنایەوە و گوتی: "لە یادمە، دوایین جار کە بینیم، فەرمووی: عێراق لەنێو دڵمدایە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە