رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە 'رۆژی نزای نیشتمانی' گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "جەوهەری دین، ئەخلاقە." ئەوەیشی خستەڕوو، "یەکدی قبووڵکردن بەشێکی سەرەکیی بیروباوەڕی ئێمەیە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئایەتی خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا."
سەرۆک مەسعود بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتەیەکی مەولانای رومیی بە نموونە هێنایەوە کە گوتوویەتی، "حەق وەکو لووتکەی چیایە و چەندین رێگە هەیە بۆ گەیشتن بە لووتکە، بەڵام ئامانج یەکە و ئەویش گەیشتنە بە حەق."
"بە درێژایی مێژوو، کاتێک هێرش دەکرایە سەر کوردستان، زۆرداران جیاوازییان نەدەکرد لەنێوان موسڵمان، کریستیان و ئێزدی،" سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئەوەی گوت، ئاماژەی بەوەش کرد، "لە شەڕی داعشیش جیاوازی لەنێوان موسڵمان، کریستیان و ئێزدی لەلایەن داعشەوە نەکرا، کە پێشمەرگە تێکیشکاند."
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "هەموومان بەندەی خوداین و لە مرۆڤایەتیدا خوشک و برای یەکدین." گوتیشی، "هەموو پێغەمبەران ئامۆژگارییان ئەوە بووە کە دەستی برایەتی بۆ یەکدی درێژ بکەن و ئامۆژگاریی پێکەوەژیانیان کردووە."
دەقی گوتاری سەرۆک مەسعود بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
پێشەکی، بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم، میوانە بەڕێزەکان. بەخێربێن بۆ کوردستان، لانکەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی.
پێش ئەوەی دەست بە گوتارەکەم بکەم، دەمەوێت جارێکی دیکە رایبگەیێنم، هاوبەشی هەموو مرۆڤدۆستانین لە جیهان بۆ لەدەستدانی پیاوێکی گەورەی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست، کە ئەویش قەداسەتی پاپایە.
ئەمە یەکەمجارە کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە لە کوردستان رێکدەخرێت و مەبەست ئەوەیە کە جیهان ئاشنا ببێت بەو کولتوورە دەوڵەمەندەی لە کوردستان هەیە. لە دێرزەمانەوە ئەو کولتوورە لە کوردستان هەبووە، ئەویش کولتووری پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن، ئازادیی بیروڕا و ئایین و مەزهەبە. ئەو کولتوورە کە ئێمە شانازیی پێوە دەکەین و داکۆکییش دەکەین کە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم رێگەیە.
ئۆمێدەوارم ئەم کۆبوونەوەیە یارمەتیدەر بێت بۆئەوەی ئەو برایەتی و پێکەوەژیانە لە کوردستان قووڵتر و فراوانتر بێت.
خوداپەرستی خاڵێکی هاوبەشە بۆ کۆکردنەوەی ئایینە جیاوازەکان. حەق جیاناکرێتەوە، گەیشتن بە حەق رێگەی زۆرە و ئایینە پیرۆزەکان هەموویان کە حەقیقەتی وەحدانییەتی خودایان قبووڵە، هەموویان بەدوای ئەو راستییەدا دەگەڕێن و پێویستە رێز لە هەموویان بگیرێت. جەوهەری ئایینیش ئەخلاقە. روومی دەفەرموێت، "حەق وەکو لووتکەی چیایە، چەندین رێگە هەن بۆ گەیشتن بە لووتکە، بەڵام ئامانج یەکە و ئەویش گەیشتنە بە حەق."
لە سەرەتای دەسەڵاتی تەریقەتی بارزان، بە رابەرایەتی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی، رێزگرتن لە ئایینە جیاوازەکان و یەکترقبووڵکردن بەشێکی سەرەکیی بیروباوەری ئێمە بووە. ئەمەش پشتبەستنە بە فەرموودەی خودای گەورە کە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی، "یا ایها الناس انا خلقناکم من ذکر و الانثی و جعلناکم شعوبا و قبائل لتعارفوا، ان اکرمکم عنداللە اتقاکم."
ئەمە ئایەتیکی قورئانی پیرۆزە و رێنیشاندەرە بۆ ئەوەی چۆن ئێمە لە سەر ئەم بیروبڕوایە بەردەوام بین، کە ئەویش پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنە.
بە درێژایی مێژوو، کاتێک هێرش دەکرایە سەر کوردستان، زۆرداران هیچ فەرق و جیاوازییەکانیان نەدەکرد لە نێوان موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی. هەموو گوندەکانیان سووتاند، هەموویان راگوێزران، لە هەموویان کۆمەڵکوژ کران، زیندەبەچاڵ کران. لە کۆتاییشدا لە شەڕی داعش (بوو) کە جیاوازیان نەکرد لە نێوان موسڵمان، مەسیحی و ئێزدی. تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجامدا. لە بەرامبەر ئەمەدا، پێشمەرگە قارەمانەکان بە گیانفیداییەکی بێوێنە بەرگرییان لە هەموویان کرد و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند، بەڵام بە باجێکی زۆر زۆر گەورە کە ئەویش نزیکەی 12 هەزار شەهید و بریندارن.
با ئەمە سەرەتایەک بێت کە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی هەموومان بزانین، بەر لە هەموو شتێک، هەموومان بەندەی خوداین و لە مرۆڤایەتیدا هەموومان براین، خۆشک و برای یەکترین.
بە یەکترقبووڵکردن، بە میهرەبانی و بە خۆشی هەموومان دەتوانین پێکەوە بژین، بەڵام بە زۆرداری (ستەمکاری) نە زۆردار دەتوانێت پشووبدات و نە زۆرلێکراو (زۆڵملێکراو) دەتوانێت پشووبدات. هەموو پێغەمبەرەکانیش، ئامووژگارییان ئەوە بووە کە دەستی برایەتی بۆ یەکتر درێژ بکەن و ئامووژگاری خەڵکیان کردووە بۆ پێکەوەژیان.
لە کۆتاییدا داوا دەکەم لە خودای گەورە کە رێنوێنی هەموو لایەک بکات، ئاشتی بەرقەرار بێت لە ناوچەکە و لە هەموو جیهان. برایەتی بەرقەرار بێت و هیودارم کاتێکی خۆش لە کوردستان ببەنە سەر. ئێمە شانازیتان پێوە دەکەیەن و جارێکی دیکە بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەین. سوپاسی هەمولە کۆتاییدا داوا دەکەم لە خودای گەورە کە رێنوێنی هەموو لایەک بکات، ئاشتی بەرقەرار بێت لە ناوچەکە و لە هەموو جیهان. برایەتی بەرقەرار بێت و هیودارم کاتێکی خۆش لە کوردستان ببەنە سەر. ئێمە شانازیتان پێوە دەکەیەن و جارێکی دیکە بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەین. سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش دەکەین کە ئەم کۆبوونەوە و ئەم بەرنامەیەیان رێکخستووە، دەستیان خۆش بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ