کەشناسی: ئەمشەو بارانی بەهێز دەبارێت هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێت

30-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بۆ نیوەڕۆی سبەی، لە "زۆرینە"ـی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و هەورە برووسکە دەبێت. کەشناسێک دەڵێت، "دوای کاژێر 10:00ـی ئەمشەو بارانبارین دەستپێدەکات و لە بەشێکی باشووری کوردستان تاوەباران دەبارێت".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەوە شەپۆلێکی نمەباران و هەورەبرووسکە لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و درەنگی شەو بەهێزتر دەبێت".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە زۆرینەی ناوچەکان بەرەبەیان نمەباران و هەورەبرووسکە بەردەوام دەبێت تاوەکو پێش نیوەڕۆ، پاشان کاریگەرییەکەی تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە شەو کۆتایی دێت".
 
هەر ئەمڕۆ، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانەکە لەدوای کاژێر 10:00ـی ئەمشەوەوە دەستپێدەکات؛ باران لە هەولێر، هەڵەبجە، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و دەوروبەری هەموو پارێزگاکان دەبارێت".
 
بە گوتەی محەممەد کەمال، بەرەبەیانی سبەی لە کاژێر 03:00 بۆ کاژێر 08:00ـی بەیانی، "بارانی بەهێز لە هەولێر، دهۆک، کەرکووک و هەڵەبجە دەبارێت؛ لە سلێمانی بارانی بەهارە دەبێت".
 
ئەو کەشناسە پێشبینی کرد، کە پێش دەستپێکردنی باران، خێرایی با لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا چالاک ببێت.
 
سبەی کە دووەم رۆژی رەمەزانە و ئەم ساڵ جەژنەکە لە بەهاردایە، پێشبینی دەکرێت بەشێکی هاونیشتمانیان بۆ گەشت و سەیران بچنە دەرەوە. محەممەد کەمال گوتی: "سبەی تاوەکو کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆ ئەگەری باران لە بەشێکی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەویش بەهۆی وشکیی زەوییەوە ئاستەنگی دروست ناکات و هاونیشتمانیان دەتوانن پاش نیوەڕۆ بچنە سەیرانگەکان".
 
بە گوێرەی پێشبینیی ئەو کەشناسە بێت، دوو سبەی سێشەممە کەشوهەوای باشووری کوردستان سەقامگیر دەبێت و هاونیشتمانییان دەتوانن بۆ گەشت و سەیران لە تەواوی ناوچەکان بچنە دەرەوە.
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ 3 بۆ 4 پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر: 25 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 23 پلەی سیلیزی
دهۆک: 25 پلەی سیلیزی 
کەرکووک: 27 پلەی سیلیزی  
زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی
سۆران: 21 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە