جەژنی رەمەزان لە هەرێمی کوردستان؛ داوای تەبایی لایەنەکان دەکرێت

30-03-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
 
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە زیاتر لە شەش هەزار مزگەوت تەکبیری جەژن کرا و موسڵمانان پێکەوە دوای مانگێک لە رۆژووی مانگی رەمەزان، نوێژی جەژن دەکەن و داوای گەردن ئازادی لە یەکدی دەکەن. 
 
لەم جەژنەدا پەیامی هاونیشتمانییان و لایەنەکان ئەوەیە هەمووان تەبا و یەکڕیز بن و برەو بە گیانی یەکدی قبووڵکردن بدەن. 
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان رایگەیاند، چۆن لە مانگی رەمەزاندا فێری خۆشەویستی و سەبرگرتن بوون، پێویستە لە دوای مانگی رەمەزانیش لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام بن. 
 
سەرۆکی یەکێتیی زانایان ئەوەی بیرهێنایەوە کە 34 ساڵ پێش ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دەست حکومەتی ئەوکاتی بەعس ئاوارەی وڵاتان بوون، بۆیە داوای لە حیزبە سیاسییەکان کرد، ئەم جەژنە موژدەی پێکهێنانی حکومەت بدەنە خەڵک تاوەکو خزمەتی خەڵک و کوردستان بکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن.
 
جەژنی ئەم ساڵ هاوکاتە لەگەڵ وەرزی بەهار، سەرۆکی یەکێتیی زانایان داوای لە گەشتیار و هاونیشتمانییان کرد کاتێک دەچن بۆ سەیران، گرنگی بە ژینگە بدەن و پاک رایبگرن، چونکە ئیسلام لەگەڵ پاکوخاوێنیدایە.
 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە مزگەوتێکی سەرچنارەوە داوای لە موسڵمانان و نوێژخوێنان کرد کە بە روویەکی گەشەوە پێشوازی لە جەژنەکە بکەن و ئەگەر ناکۆکییەک هەبووە وەلای بنێن. 
 
پارێزگاری سلێمانی هەروەها گوتی، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە تاوەکو هاونیشتمانییان و میوانەکانی پارێزگاکە "جەژنێکی خۆش بەڕێبکەن."
 
هاوکات پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هیوادارین دوای جەژن هەموو حیزبە سیاسییەکان بتوانین حکومەت پێکبهێنین، تاوەکو خۆشمان ئامادە بکەین بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا روودەدات."
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش ئاماژەی بەوە کرد، دەستخۆشی لە خەڵکی هەولێر دەکەین کە مانگی رەمەزانیان بە ئارامی بەڕێکرد. 
 
دیوانی وەقفی سوننەی عێراق رایگەیاندووە، نەیانتوانیوە مانگ ببینن و ئەمڕۆ یەکشەممە تەواوکەری مانگی رەمەزانە، بەڵام لە بەغدا و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەشێک لە سوننەکان پێچەوانەی ئەو بڕیارە کردوویانەتە جەژن. 
 
لە گەڕەکی ئەعزەمیەی بەغدا، ئەوانەی کردیانە جەژن، رێگەیان پێنەدرا لە مزگەوتەکاندا نوێژ بکەن، بۆیە لەنێو باخچەی گەڕەکەکەدا نوێژیان کرد.
 
هەر یەکە لە وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان و گوتەبێژی وەزارەتەکە جەختیان لەوە کردەوە، لە هەرێمی کوردستان مانگ بیندراوە و لیژنەکە لەسەر ئەو بنەمایە ئەمڕۆی وەکو جەژن دیاریکردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە