پێشمەرگەیەک لە رانیە 'بەهۆی نەخۆشییەوە' واز لە کارەکەی دەهێنێت و مووچەکەی دەبڕێت

30-03-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
سەفەر عەلی و هاوژینەکەی
سەفەر عەلی و هاوژینەکەی
A+ A-
 
رووداو - رانیە

نەخۆشی بڕشتی لە سەفەر بڕیوە و لەتاو ئازاری برینەکانی داد و بێدادیەتی و ئۆقرەی نەماوە. سەفەر تەمەنی 50 ساڵە، دانیشتووی شاری رانیەیە، شەش ساڵە بەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە لەسەر جێگە کەوتووە.
 
سەفەر عەلی، نەخۆش دەڵێت، "40 جەلسە دەرزیی کیمیاییان بۆ بەکارهێناوم، هەموو جەستەم بووە بە گرێ، بارودۆخم لەوپەڕی خراپیدایە،پێنج خولەک ئۆکسجینم لەسەر نەبێت دەخنکێم."
 
هاوژینی سەفەر، پێشتر دوو منداڵی دیکەی بە هەمان هۆکار گیانیان لەدەستداوە، ئێستا خەمی ترسی لەدەستدانی هاوژینی، خراپیی دۆخی دارایی، بەئەستەم دەستکەوتنی دەرمان و وازهێنانی کوڕە گەورەکەی لە زانکۆ بەسەریدا کەڵەکە بوون و بێ چارەیان کردووە.
 
مریەم ئیسماعیل، هاوژینی نەخۆش ئاماژە بەوە دەکات، "بارودۆخمان زۆر خراپە، هیچمان نییە، ئەگەر خێرخواز هاوکاریمان نەکەن، یەک 250 دیناریمان نییە، کوڕەکەم لەبەر باوکی وازی لە زانکۆ هێناوە، ئەگەر ئەو نەبێت پێمان ناجووڵێت."
 
ئەم خێزانە چوار کەسییە، لە خانوویەکی بچووکی گڵ و خۆڵ و پڕ داودەرمان دەژین. پێش نەخۆشکەوتنی، باوکیان پێشمەرگە بووە، بەڵام بەهۆی دابڕان لە پیشەکەی، مووچەکەی بڕدراوە. ئێستاش تەنیا سەرچاوەی داراییان کرێکاریی کوڕەکەیانە و ئەویش بەهۆی چاودێریی بەردەوامی دۆخی تەندروستیی باوکی ناتوانێت لە ماڵ بچێتە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە