رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران رایگەیاند، دوو ژنیان دەستگیرکردووە کە بڕی 14 هەزار و 400 دۆلار و نزیکەی 16 ملیۆن دیناریان دزیوە. دەشڵێت، بەپێی ماددەی 446ـی یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە، 30-3-2023، موقەدەم شەمال دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر چواری بەرەبەیانی رۆژی 30ـی ئەم مانگە هاونیشتمانییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سۆران سکاڵای تۆمارکرد کە بەپێی گوتەی خۆی: بڕی 14 هەزار و 400 دۆلاری ئەمریکی و 15 ملیۆن و 845 هەزار دیناری عێراقی لە ماڵەکەی لە ناحیەی دیانا دزراوە."
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران گوتی، "پاش لێوەرگرتنی گوتەکانی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخرا و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی هێزەکان، توانرا تۆمەتباران دەستگیر بکرێن کە دوو ئافرەتن و دەست بەسەر بڕی پارەی دزراودا گیرا."
بە گوتەی شەمال دێواری، ئەو دوو ژنە بە بڕیاری دادوەر تۆمەتبارن و بەپێی ماددەی 446ـی یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ