رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە رایدەگەیێنێت "هەرێمی کوردستان قوتابخانەیەکی سیاسی و دیپلۆماسییە لە ناوچەیەکی وەکو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائارام". ئەو لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو باسی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن دەکات و دەڵێت "سەرۆکی فەرەنسا مەبەستیەتی لە نزیکەوە گوێ لە بۆچوونەکانی نێچیرڤان بارزانی بگرێت لەمەڕ کێشەکانی ناوچەکە". لە باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و هەروەها وڵاتانی جیهانیش دەڵێت "هەرێمی کوردستان هەمیشە دەرگای بۆ پەیوەندییەکان ئاوەڵایە لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێز و سەقامگیردا".
رووداو: فەرەنسا پلانی سەربازی و ئابووری و کولتووری هەیە لە عێراق، رۆڵی هەرێمی کوردستان لەو هاوکێشەیە چی دەبێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت ئەو پەیوەندییە بەهێزە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت؟
فەلاح مستەفا: مێژووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تازە نییە، پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان هەردوولادا هەیە، یەکەمجاریش نییە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنابی سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە، ساڵی رابردوو لە بەغدا کۆبوونەوە، لە مانگی 7ی 2019 لە فەرەنسا کۆبوونەوە، پەیوەندی بەردەوامیشیان هەبووە لە رێگەی تەلەفۆن. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین ئەو پرسانەی روودەدەن گرێدراون، هەرێمی کوردستان و جیهان بە یەکەوە دەبەستێتەوە چ لە ئاستی هەرێمی و چ لە ئاستی عێراق و چ لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پرسانەی هەن، پرسی هاوبەشن. ئەگەر پرسی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی داعش و تووندڕەوی باس بکەین، پرسەکە پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام کاریگەری بەسەر ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهانەوە هەیە.
"فەرەنسا لە رابردوودا هاوکار و پشتیوان بووە بۆ دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا"
پرسی کۆچ و ئاوارەبوون، پرسێکە هەڵقوڵاوی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بەڵام کاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئەوروپاوە هەیە، پرسی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، پرسی ئەو پێکهاتانەی کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن رۆژبەڕۆژ لە کەمبوونەوەدایە، ئەمانە هەمووی پرسی گرنگن، جگە لە پرسە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکان و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانە. بۆیە گرنگی ئەو دیدارانە لەوە دێت، دەرفەتێکە بۆ ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لەنێوان سەرکردە جیهانی و سەرکردە هەرێمییەکە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی هاوبەش دروست ببێت، چۆن بتوانن ئەو بەرنامانەی هەن جێبەجێ بکرێن. بۆ نموونە لە ئاستی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، کە فەرەنسا دەستپێشخەری گرنگی هەبووە لە رابردوودا، هاوکارو پشتیوان بووە بۆ دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر فەرەنسا وڵاتێکی گرنگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش رۆڵی گرنگی بینیوە لەنزیکەوە لەگەڵ پێشمەرگە کاریکردووە. لە هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دوای ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکان و کریستیانەکاندا هات، فەرەنسا دووبارە هاتەوە پێش، بۆیە کۆمەڵێک پرس هەن لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش، جا چ پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و عێراق لەگەڵ ئەمریکا و ململانێی نێوان ئەوان، پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها پەرەسەندنەکانی پەیوەندیدار بە تورکیا لە ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ، هەمووی دەرفەتێکن بۆ ئەوەی ئەو دوو سەرۆکە دابنیشن و پێکەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن، لەگەڵ ئەوانەش جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.
رووداو: فەرەنسا دووەم بەهێزترین ئابووری هەیە لە ئەوروپا، حەوتەمە لەسەر ئاستی جیهان، ئێستا ئەو وڵاتە لە لیبیا رۆڵێکی گرنگی هەیە، لە لوبنان دەیەوێت رۆڵی زیاتری هەبێت، هەروەها لە کێشەکانی نێوان دەریای ناوەڕاست کاتێک کە تورکیا ویستی لەوێ گاز و نەوت دەربهێنێت پشتی قوبرسی یۆنانی گرت و بەتووندی وەڵامی تورکیای دایەوە. لە عێراقیش بەتووندی نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سنووربەزاندنی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆ ناو عێراق، فەرەنسا دەیەوێت لە رووی ئابوورییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز بکات، تاوەکو چەند ئاگاداری پلانی فەرەنسان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق؟
فەلاح مستەفا: گومان لەوەدا نییە فەرەنسا وەکو وڵاتێکی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەروەها وڵاتێکی کاریگەر لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەوروپا، خۆیشی وەکو وڵاتێکی ئەوروپی بەرنامە و ویست و خواستێکی زۆری هەیە، گەڕانەوەیەکی بەهێزیان هەیە لە گۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتی، بۆیە تەنیا پرسە ئابوورییەکان نیین، پرسە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانیشن ، هەرچەندە بەداخەوە وەکو پێویست فەرەنسا دەرفەتی ئەوەی نەبووە چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان بەوشێوەیە لە رووی ئابوورییەوە چالاک بێت، بۆیە ئێمەش مەبەستمانە سەقامگیریی بێتە کایەوە لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ ئەوەی دەرگا بکرێتەوە بە رووی وڵاتانی دۆست و ئەوانەی کە لە رۆژانی تەنگانەدا لەگەڵماندا بوون، ئەمڕۆ دەرفەتێک هەبێت تاوەکو زیاتر لێکدی نزیکبینەوە لە رووی ئابووریشەوە هاوکاریی یەکدی بکەین. بەڵێ، پرسی ئابووری پرسێکی گرنگە، فەرەنسا دەتوانێت بە تەکنەلۆجیاو پێشکەوتنی ئابووریی خۆی هاوکاربێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری و دروستکردنی پەیوەندییەکی ئابووری تۆکمە لەنێوان هەردوولادا.
"وەکو پێویست فەرەنسا دەرفەتی ئەوەی نەبووە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان لەرووی ئابوورییەوە چالاک بێت"
رووداو: فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت سەقامگیریی بۆ عێراق بگەڕێتەوە، سەرۆکی فەرەنسا سوورە لەسەر ئەوەی تاوەکو دەستوەردانی دەرەکی هەبێت عێراق سەقامگیری بەدەست ناهێنێت، ماکرۆن چۆن لە رۆڵی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت لە گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ عێراق؟
فەلاح مستەفا: وەکو دیارە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە رووی سەقامگیریی و ئارامی لە چوارچێوەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەزموونی پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و رێزگرتن لە یەکدی لەنێوان تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، ئەوەش خاڵێکی دیکەی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە، هەروەها سیاسەتی کرانەوەی دەرگای هەرێمی کوردستان بە رووی جیهان بۆ بونیادنانی پردی پەیوەندی بەهێز لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، جگە لەوەش پێشوازیکردنی هەرێمی کوردستان لە ئاوارە و پەنابەران بۆ بەشێک لە بەرپرسیاریێتی خۆی بداتەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەکاتی تەنگانە، ئێمەش ئامادەین بۆ ئەوەی شان بدەینە بەر بەرپرسیاریێتیەکان. ئەوانە وایکردووە گەورەتر و فراوانتر لە هەرێمی کوردستان بڕوانرێت، ئێمە مەبەستمانە سەقامگیری لە عێراقیش بێتە پێشەوە، هەرێمی کوردستان ئەوەی لە دەستی هاتووە کردوویەتی تاوەکو سەقامگیری و ئارامی بۆ عێراق بگەڕێتەوە، چونکە لە بەرژەوەندی ئێمەشدایە. دیاریشە وڵاتانی جیهان؛ فەرەنسا، ئەمریکا و هاوپەیمانان هەموویان مەبەستیان سەقامگیرییە لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێمەش پێش هەر کەسێکی دیکە دەمانەوێت بڕیاری عێراقییەکان لەدەست عێراقییەکان بێت و بۆ عێراق و لەپێناو عێراق و لە بەرژەوەندی عێراقدا بێت، هەرێمی کوردستانیش وەکو هەرێمێکی بەهێز، ئارام و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراق دەتوانێت سوود لەوە ببینێت بە کردنەوەی دەرگا بە رووی وەبەرهێنانی بیانی و کۆمپانیا بیانییەکان تاوەکو بێن هاوکاریی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بین لەم قۆناخەدا.
"هەرێمی کوردستان ئەوەی لە دەستی هاتووە کردوویەتی تاوەکو سەقامگیریی و ئارامی بۆ عێراق بگەڕێتەوە، چونکە لە بەرژەوەندی ئێمەشدایە"
رووداو: زۆربەی سەرکردە و بەرپرسانی ئەوروپاو جیهان کەسایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بیروبۆچوونەکانیان لا گرنگە، نێچیرڤان بارازنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێگەیەکی گرنگی هەیە، بەو پێیەی ئێوە لە زۆربەی کۆبوونەوەکان لەگەڵیاندا ئامادەن تێڕوانینی ئەوان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆنە؟
فەلاح مستەفا: ئەوەی دەیبینین هەرێمی کوردستان قوتابخانەیەکی سیاسی و دیپلۆماسییە لە ناوچەیەکی وەکو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائارام و ناسەقامگیر و پڕ لە ململانێ و کێبڕکێ، هەرێمی کوردستان توانیویەتی فاکتەری سەقامگیری و پەیوەندی دۆستانە و باش لەگەڵ هەموو لایەنەکان دابمەزرێنێت لەسەر بنەمای تێگەیشتنی هاوبەش. هەروەها بوونی خوێندنەوەی واقیعبینانە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ پرسەکان وادەکات سەرکردە جیهانییەکان بە بایەخەوە بڕواننە تێڕوانین و شیکردنەوەو لێکدانەوەکانی ئەوان، چونکە خوێندنەوەی ئەوان خوێندنەوەی واقیعە، خوێندنەوەی ئەو رووداوانەیە کە لەنێو جەرگەی ئەو ناوچەیە روودەدات، ئێمەش کاریگەریمان هەیە و کاریگەریشمان بەسەرەوەیە لەو رووداوانەی ناوچەکە، بۆیە خوێندنەوەو تێروانین و شیکردنەوەکانمان سوودبەخش دەبن بۆ ئەو وڵاتانەی کە مەبەستیانە سەقامگیریی و ئارامی بێتە کایەوە.
" هەرێمی کوردستان قوتابخانەیەکی سیاسی و دیپلۆماسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائارامدا"
رووداو: کەواتە لەم دۆخە ناهەموارەی ئێستا رووی کردووەتە ئەوروپا بەهۆی کۆرۆناوە، ماکرۆن مەبەستیەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببینێت و بتوانێت ئەو پلان و پرۆگرامەی هەیەتی لە عێراق بە پشتیوانی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات؟
"سەرۆک ماکرۆن هەمیشە جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکاتەوە"
فەلاح مستەفا: گومان لەوەدا نییە، وێڕای رێنوێنییەکانی ئەو پەتایەی کە هەیە، ئەو رێگریانەی لە دیدارەکان هەیە، بەڵام جەنابی سەرۆکی فەرەنسا ئەم بانگهێشتەی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ یەک دابنیشن و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن و ئەو پرسانە باسبکەن و دیدی جەنابیان بزانێت لەسەر پرسەکان، چونکە بەرژەوەندییەکان هاوبەشن، سەقامگیرییە، ئارامییە، ئاییندەیەکی باشتر، پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە. لەبیریشمان نەچێت جەنابی سەرۆکی فەرەنسا بە دەستپێشخەرییەکی گرنگەوە هاتە عێراق کە ئەوکاتە زۆر بە روونی باسی لەوە دەکرد کە ئێمە لەگەڵ ئەوەین سەروەریی عێراق بپارێزرێت، لەگەڵ ئەوەین کێشەکانی عێراق چارەسەر بکرێن، لەگەڵ ئەوەین لە چوارچێوەی دەستووردا هەولێر و بەغدا پرسەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. ماوەیەکی درێژە فەرەنسا زۆر بە روونی داکۆکی و پشتیوانیی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لە چوارچێوەی عێراقدا، بۆیە پەرەپێدان و پتەوکردنی سەقامگیریی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان و ئەو وڵاتانەشە کە چەندین ساڵە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ هێنانەکایەی سەقامگیریی.
داڕشتنەوەی هەواڵ: گۆڤەند مستەفا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ